کوردستانی
"له سنووری سلێمانی 22 تیرۆرست دهستگیركران"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، له 22 ههڵمهت و ئۆپهراسیۆن 22 تیرۆرستیان دهستگیركرد، بهپێى راگهیهندراوى ئهنجومهنهكه ئهو تیرۆرستانه ویستویانه چهندین كردهوهى تیرۆرستى ئهنجامبدهن.
دەقی راگەیهندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
دەزگای ئاسایشی ھەرێم پیلانێکی تیرۆریستانی داعش ئاشکرادەکات کە لەخۆڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون و لە 22 ھەڵمەت و ئۆپراسیۆنی جیاجیادا لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و پشدەر 22 تیرۆریست دەستگیردەکەن و رووبەڕووی یاساو دادگایان دەکەنەوە
کە یەکێکیان تیرۆریستی ھەرە تاوانبار ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە یە کە بەناسنامەی ساختەوە ھاتبووە سنوری ھەرێمی کوردستان.
پاش کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگە لەسەر تاقم و گروپێکی تیرۆریستی داعش کە لە چەند شارێکی ھەرێم لەخۆڕێکخستندابوون و مەرامیان بوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.
بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و پاش گەڕان و شەونخونی و چاودێریکردنیان و کۆکردنەوەی زانیاری ، سەرەداو بەدەستھات و تەواوی جموجۆڵەکانشیان خرایە ژێرچاودێری و پیلانەکانیان ئاشکراکران و ناسنامە و زانیاری کەسی تیرۆریستان دەست ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کەوت .
دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھاوبەش لە ژێرچاودێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، گەرمیان ، رۆژئاوای سلێمانی ، شارەزوور ، راپەڕین ھەر ٢٢ تیرۆریستەکە کەلەچەند شانەیەکی نەنوستووی داعش خۆیان رێکخستبوو، پێش ئەوەی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێبکەن دەستگیرکران .
کە بەم شێوەی خوارەوە بوو .ـ
رۆژی ٢٥/٢/٢٠٢١ تیرۆریست ( ز . س ) ناسراو بەئەنەس کوردی ، دوای چاودێریکردنی کە بەنیازبوو ھەڵبێت بۆ دەرەوەی ھەرێم ، لەلایەن ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین و شارەزوور ، لە پشدەر دەستگیرکرا .
تیرۆریستی تاوانبار لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەساڵی ٢٠١٩ فکری توندڕەوی داعشی وەرگرتووە و ساڵی ٢٠٢٠ پەیوەندی بەستوە بە گروپێکی تیرۆریستی لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق کەپیلانی دانانی ئاڵای داعش و کردەوە تیرۆریستیەکەیان دانابوو لەو شارە ، و چەندین تیرۆریستی فێری دروستکردنی عەبوەو مادە تەقەمەنییەکان کردوەو مەرامیان بووە چەند کردەوەیەک ئەنجامبدەن و ھیجرەت بکات بۆناو داعش .
رۆژی٢٥/٣/٢٠٢١ لە رێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵ و ھەڵمەتێکی گەورەو سەرکەتووی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەچەمچەماڵ تیرۆریستی ھەرەتاوانبار و لەیاسا ھەڵھاتوو( ح . م ) ناسراو بە ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە دەستگیرکرا کەدەستی سورە لەچەندین کردەوەی تیرۆریستی و دژبەمرۆڤایەتی
کە سەرەتا پەیوەندی ھەبووە بەرێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەو لەساڵی ٢٠١٤ بەیعەتی داوە بەتیرۆریستانی داعش و وەک چەکدارێکی ھەرەتاوانبار بەشداری و سەرپەرشتیی دەیان کردەوەی تیرۆریستی کردوە دواتر کراوە بە جێگری والی ویلایەتەکانی باکور و پاشان بووە بە والی و ئەمیری فەلوجە.
رۆژی ١/٤/٢٠٢١ لەچەند ھەڵمەتێکی تری ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان ھەرسێ تیرۆریستی تاوانبار ( چ .ف ) ناسراو ابودردا و یونس کوردی و ( م . ح ) و ( م .ح .ع ) ناسراو بە عەلی کوردی لەکەلار دەستگیرکران .
لەلایەکی ترەوە ھەمان شەو تیمێکی سەربازی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ لە پێنج ھەڵمەتی سەرکەوتوو و پشتبەستوو بەزانیاری ورد ٥ تیرۆریستی تر لەیەک کات و ساتدا دەستگیرکران کە پێکھاتبوون لەتیرۆریستان (ئ . ھ ) ( ش . ب ) ناسراو بە ھاران و ( س . ن ) و ( ھ .ئ ) و ( ئ . ن )
لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بوون و بەدواداچوونەکان چڕترکرانەوە و لە رۆژی ٢/٤/٢٠٢١ لە ھەشت ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی گەرمیان ھەشت تیرۆریست تری ھەمان شانەی نەنستوی داعش دەستگیرکران کە ( ھ .ع ) و ( م .ن ) لە کفری و ( د.س ) ناسراو بە ( د . بوخاری ) و ( ش . ع ) و ( ع .ع ) ناسراو بە بن لادن کوردی و ( ئ .ح ) ناسراو بە ئەبو شەھاب و ( م .ج ) ناسراو محەمەد کوردی لە کەلار و ( م .ن ) لە باوەنور دەستگیرکران .
ھەر پەیوەست بەم تاقم و گروپە توندڕەوانەی تیرۆریستانی داعش ، ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان رۆژی ٣/٤/٢٠٢١ ھەر لەکەلار تیرۆریست ( م. ئ ) ناسراو بە حەبیب دەستگیراو پاش رۆژێک ٤/٤ ھەردووتیرۆریست ( ر .ئ ) و ( ج .س) ناسراو بە ئەبو ئەنەس لە سلێمانی و ( ئ. ح ) لە کفری دەستگیرکران.
پاش لێکۆڵینەوەو وەرگرتنی وتەی تیرۆریستان و داننان بە تاوانەکانیان ئاشکرایانکرد ، پیلانیان بووە چەند شانەیەکی نەنوستووی داعش دروستبکەن لەھەرێم و خۆیان بۆ چەند کردەوەیەک ئامادەبکەن ، راھێنانیانپێکراو لەسەر دروستکردنی عەبوەو مەوادی تەقەمەنی و پیلانیان داناوە بۆ تەقاندنەوەی چەند شوێنێک و رفاندنی خەڵک و تیرۆرکردنی ئەفسەرانی ئەمنی بەتایبەت ئەوانەی رۆڵیان ھەیە لەرووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ، لەگەڵ شکاندنی کێلی شەھیدانی رووبەڕووبوونەوەی داعش ، ئەوەی مایەی سەرنج و ھەڵوەستەشە تیرۆریستان لەرێگای تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە فیکری توندرەوی داعشیان وەرگرتوەوە و ھەمان تۆڕیان بەکارھێناوە بۆ فراوانکردنی تاقم و گروپەکانیان و چەندین پەیج و ئەکاونتیان داناوە بۆ بانگەشەکردن و وانەی تەکفیر و توندڕەوییان خوێندوەو تەکفیری ھەر مامۆستایەکی ئاینی و ھاووڵاتییەکیان کردەوە کە لەژێرگاریگەری بیری توندڕەوییان نەبووبێت .
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ، لەبەرامبەر ئەم ھەڵمەتە گەورەو سەرکەوتووەی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، گەرمیان ، رۆژئاوای سلێمانی ، شارەزوور ، راپەرین ، سوپاس و پێزانینی بێپایان دەردەبڕێت ، بۆ ماندووبوون و شەونخونی و ئازایەتی ئەو ئەفسەرو کارمەندانەی ئاسایش کە وەک سەربازی ون لەخەمی ئۆقرەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامی ھەرێمدان و بەگیانیان سەروماڵی خەڵک دەپارێزن ، ئەمە دەرخەری ئەو راستیەشە ھەموو تۆمەتبارانی یاسا شکێن و تیرۆریستان و سەرپێچیکاران و پێشێلکاران و ئەوانەی دادگا داوایاندەکات ، لەدەست ھێزەکانمان رزگاریان نابێت و ھەر پیلانێکیان ھەبێت سەرئەنجام پێش جێبەجێکردنی پشت بەخوای گەورە ئاشکرادەکرێن و راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن . کەلەپشت ھەموو سەرکەوتنەکانیشماندا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رۆڵی دیارو بەرچاویان ھەیە لەھاوکاری و پشتیوانیکردنی ھێزەکانمان کە جێگای پێزانین و ستایشی بەردەواممانە .
هـ.ع