کوردستانی
دابان محەمەد: فێڵ لە کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی کراوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پاش ئەوەی کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی دەرگای عەلوەکەیان داخست و خۆپیشاندانیان کرد بەهۆی ئەوەی مۆڵەت بە ساردکەرەوەیەک دراوەو خاوەنی پرۆژەکەش لە جیاتی ساردکەرەوە دەیەوێت عەلوە دروستبکات، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، فێڵ لە کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی و پەرلەمانتارانیش کراوە.
دابان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک رایگەیاند "لە ماوەی رابردوودا ئەو کەسانەی کاریان لە عەلوەی سلێمانی دەکرد، ناڕەزاییان دەربڕی و خۆپیشاندانیانکرد، کە گەنجینەیەکی ساردکەرەوە بە نیازە عەلوەی دووەم دروست بکات، نیەت و کارەکانی لە پرۆژەکەدا بۆ عەلوەیە نەک ساردکەرەوە".
راشیگەیاند "لەسەر داوای کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی، بەدواداچونمانکرد و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی سلێمانیمان بانگھێشت کرد، پێی راگەیاندین ئەو پرۆژەیە ساردکەرەوەیە و دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەتی عەلوەی نەداوە و نادات بەوەش کێشەکە چارەسەربوو".
دابان محەمەد، ئاشکراشیکرد "لەئێستادا بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی سلێمانی لە 18ی نیسانی 2021، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستەی وەبەرھێنان، ناوی گەنجینەی ساردكەرەوەوەی سەوزە و میوە بۆ عەلوەی سەوزە و میوەی هوانە گۆڕدراوە، ئەمەش فێڵ و ناڕاستییە لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی".
جەختیشیکردەوە "کاسبکاران سکاڵای یاساییان کردووە، پشتیوانیان دەبین، وەک لیژنەی وەبەرھێنانیش بەدواداچون بۆ کۆتا نوسراوی وەبەرھێنانی سلێمانی دەکەین، ھەروەھا ناڕاستی وتەکانی وەبەرھێنانی سلێمانی لەبەردەم پەرلەمانتاران لە نوسینگەی سلێمانی".
ه.ع