کوردستانی

قایمقامی شنگال: رەوشی شنگال زۆر خراپە و کۆچکردن زیادی کردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


قایمقامی شنگال: رەوشی شنگال زۆر خراپە و کۆچکردن زیادی کردووە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2020 بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق لەبارەی شنگالەوە واژۆکرا، بەڵام ماوەی زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕیووە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نەنراوە.

قادر قاچاغ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان بە  مەودا میدیای راگەیاند "دۆخی شنگال هیچ نەگۆڕاوە و بۆشایی ئیداری و ئەمنی هەیە لە ناوچەکەدا، هەروەها لەلایەن حەشدی شەعبی عیراقی و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) شنگال داگیرکراوە".

بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "رێککەوتنی نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی شنگالەوە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە"، لەبارەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەوە وتی "هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە حەشد دەسەڵاتدارە لە شنگال، هەروەها هەر لە سەرەتاوە دیاربوو ئەو رێککەوتنە جێبەجێناکرێت، چونکە حکومەتی عیراق وتی نابێت نوێنەری هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ئامادەییان هەبێت".

لای خۆشییەوە مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بۆ مەودا میدیا باسی لەوەکرد "لەئێستادا رەوشی شنگال زۆر خراپە لە رووی ئاسایش و ئابووری و خزمەتگوزارییەوە".

قایمقامی قەزای شنگال ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی کە شنگالی تێدایە دانیشتووانی شنگال بەردەوام کۆچ دەکەن بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و شنگال جێدەهێڵن".

س.س
Qaiwan
Qaiwan