کوردستانی

هیومان رایتس وۆچ لەسەر سزادراوانی بادینان هاتەدەنگ

مەودا میدیا - سلێمانی |


هیومان رایتس وۆچ لەسەر سزادراوانی بادینان هاتەدەنگ
مەودا میدیا-

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، "ئەوەی لە دادگایەکی هەرێمی کوردستانی عیراق روویدا، شتێکی نوێ نەبوو، پرۆسەیەکی پڕ کەموکورتی بوو، پشتگوێخستنی پرەنسیپەکانی دادگاییکردن بوو". 

بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای جەنگ و قەیران لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ سەبارەت بە دادگاییکردنی سێ رۆژنامەوان و دوو چالاکوانی بادینان ئاماژەی بەوەکردووە "ئەوەی لە دادگایەکی هەرێمی کوردستانی عیراق روویدا، شتێکی نوێ نەبوو، پرۆسەیەکی پڕ کەموکورتی بوو، پشتگوێخستنی پرەنسیپەکانی دادگاییکردن بوو، بەرپرسان هێشتا دوو کەسی تریان لە زیندان ئازاد نەکردووە سەرەڕای بڕیاری دادگا لە نەبوونی بەڵگەی تەواو بۆ دادگایکردنیان".

راشیگەیاندووە "بەرپرسان بۆ یەکەم جار و تەنها بۆ ماوەی چەند خولەکێک رێگەیان بە پارێزەرەکان داوە قسەیان لەگەڵ بکەن، بەر لە دەستپێکردنی دانیشتنەکانی دادگا لە بەرواری ١٥ و ١٦ شوبات، هەروەها دەستگیرکراوان زۆر بە کەمی ڕێگەیان پێدراوە خێزان و کەسوکاریان ببینن و تەنها یەک جار ڕێگەیان پێدراوە کە کەسوکاریان ببینن بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە سەرەتای دەستگیرکردنیانە". 

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە ١٦ی شوباتی ئەمساڵ سێ رۆژنامەوان و دوو چالاکوان لە دادگایکردنێکی هاوبەشدا سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا بەپێی ماددەکانی ٤٧ و ٤٨ و ٤٩ ی یاسای سزادانی عیراقی و ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ و ماددەی ١٥٦ی هەموارکراوی یاسای سزادانی عیراقی، کە کاری بەمەبەست بۆ دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامەزراوەکانی حکومەت بە تاوان دەکات.

پ.خ

Qaiwan
Qaiwan