کوردستانی

"حکومەتی ھەرێم دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"حکومەتی ھەرێم دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات"

مەودا میدیا-

پاش پاش ئەوەی رێکخراوی هیومان رایتس ۆچ لەبارەی دۆخی خراپی گیراوانی بادینان و شێوازی دادگایی و سزادانیان ناڕەزایەتی دەربڕی، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام دەداتەوەو دەڵێت، حکومەتی ھەرێم دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات، دەشڵێت گرنگە بزاندرێ کە بڕیاری دادگا پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانی تۆمەتبارانەوە نەبووە.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی راپۆرتی هیومان رایتس ۆچ، رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی، حکومەت لەگەڵ یونامی و نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەندە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا".

راشیگەیاند "دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ھەرێم دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات، هاوکات دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێدەکرێن ئەم راگیراوانە لە بادینان تاوانباربوون بە کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و پێدانیان بە لایەنی بیانی، بە بەرانبەر ئەم زانیاریانە راستەوخۆ ژیانی بەرپرسانی باڵای کورد و بیانی لە کوردستان دەخستە مەترسییەوە".

د. دیندار زێباری، ئاماژەی بەوەشکرد "وەک تۆمەتبار لەناو هۆڵی دادگا لە لایەن پارێزەرەکانی خۆیانەوە نوێنەرایەتیان کراوە، ئەوان چاوییان بە پارێزەرکانیان  کەوتووە لەکاتی راگرتنیاندا، گرنگە بزاندرێ کە بڕیاری دادگا پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانی تۆمەتبارانەوە نەبووە، هەروەک دادگاییکردنەکان لەلایەن نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و نا حکومییەکان و پەرلەمانی کوردستان و میدیاکانەوە چاودێری دەکران". 

زێباری، روونیکردەوە "بڕیارەکانی دادگای تاوان قابیلی تانەلێدانن، ئێستا دادوەری دادگای تاوان پەڕاوەکانی رەوانەی دادگای تەمیز کردووە بۆ تێهەڵچوونەوە، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور (ICRC) و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەستگەیشتنیان بە دەستبەسەرکراوەکان هەبووە".

لەماوەی رابردوودا ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووس لە ناوچەی بادینان بەتۆمەتی سیخوڕی سزادانی چەند ساڵێک زیندانیکردن دران، ئەمەش ناڕەزایەتی بەرچاوی لە سوشیال میدیا و شەقام بەدوای خۆیدا هێنا.
ه.ع
Qaiwan
Qaiwan