کوردستانی
مەسعود بارزانی لەسەر دڕاندن و فڕێدانی قورئان هاتە دەنگ
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بارەگای مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر بابەتی دڕاندن و فڕێدانی قورئان لە هەولێر هاتە دەنگ و رایدەگەیەنێت، هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەو کردە نابەجێیەبێت ئامانجی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە.
بارەگای بارزانی، لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە دەڵێت "شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند دیمەنی لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆز بڵاو کرانەوە کە زۆر بە داخەوە بە دڕێندراوی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری هەولێر فڕێدرابوون".
دەشڵێت "سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی خەڵک بابەتێکی مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە، هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەو کردە نابەجێیەبێت ئامانجی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە، پێویستە بە سزای خۆی بگات".
بارەگای بارزانی، جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەوەی روویداوە بەزاندنی هەموو سنوور و هێڵێکی سوورە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن و دەبێ رێگە لەو جۆرە تاوان و رەفتارە ناشاییستانە بگیرێت".
ه.ع