کوردستانی

زەنگی وشکەساڵی لێدرا، هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


زەنگی وشکەساڵی لێدرا، هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

هەرێمی کوردستان ساڵێکی وشکەساڵی بەڕێدەکات، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی كوردستانیش رایدەگەیەنێت ئاستی ئاوی عەمبارکراوی بەندوای دوکان و دەربەندیخان دابەزیوە، ئاماژە بەوەشدەکات ئامادەکاری دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە کوردستان رێژەی باران بارین لە نێوان 500 بۆ 700 وادەکات تووشی وەرزی وشکە ساڵی بین، ئەمساڵ رێژەی باران بارین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بۆیە لە هەرێمی کوردستان زەنگی وشکەساڵی لێدراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی ھەرێمی كوردستان پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستێت، یەکێکیان ئاوی ژێر زەوی و ئاوی سەر زەوییە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ هەردوو سەرچاوەکە کێشەی هەبێت، هەروەها زێی بچوک و زێی سیروان کە سەرچاوەکەی ئێرانە لەئێستادا رێژەی ئاوی بەردراوە بۆ ئەو دوو زێیە لەلایەن ئێرانەوە کەمیکردووە".

 بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو "ئاستی ئاوی عەمبارکراوی بەندوای دوکان و دەربەندیخان دابەزیوە، بە رێژەیەک کە 12 بۆ 14 مەتر کەمترە لە ساڵی رابردوو، هەروەها ئاوی بیر و کانیاوەکانی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوام دادەبەزێت".

باسی لەوەشکرد "ئێمە سەرقاڵی ئامادەکردنی چەند راپۆرتێکین، هەروەها بڕیارە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبینەوە، بۆئەوەی رێکارێکی اتایبەت بەو بابەتە دابنێین بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کە رووبدات".

س.س
Qaiwan
Qaiwan