کوردستانی

زانیاری نوێ سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم ئاشکرا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاری نوێ سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم ئاشکرا دەکرێت
مەودا میدیا- پێشکەوت حاجی
 
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشکرایکرد سیستەمی لێبڕینی مووچە تایبەتە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، کۆتایی بە لێبڕینی مووچە دەهێنێت، روونیشیکردەوە پاش ئەوەی داهاتی نەوت و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەگات بە بەغدا، بەشە بودجەی هەرێم رەوانە دەکرێت.
 
سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بە مەودا میدیای راگەیاند "پاش ئەوەی لیژنەیەکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا و داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا رووندەکاتەوە، هەردوولا میکانزمێک دیاریدەکەن، تا ئەوەی ئەو داهاتە بگات بە دەستی بەغدا، پاشان بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران دیارکراوە و پەسەندکراوە رەوانە دەکرێت".
 
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو بودجەیە کۆتایی بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەهێنێت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە روونیکردەوە "سیستەمی لێبڕینی مووچە تایبەتە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لێی بەرپرس نییە، ئەو بڕە بودجەیەی بەغدا رەوانەی هەرێمی دەکات بەشی تەواوی مووچەی مووچەخۆران دەکات بەبێ لێبڕین".
 
ئەمەش دوای ئەوەدێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنێکدا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی پەسەندکرد و بڕیارە بەمزووانە بەشەی بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی نیسانی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران کرد بە لێبرینی 21%.

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan