کوردستانی

مستەفا کازمی کارەکانی وەزیری تەندروستیی عیراق و پارێزگاری بەغدای هەڵپەسارد

مەودا میدیا - سلێمانی |


مستەفا کازمی کارەکانی وەزیری تەندروستیی عیراق و پارێزگاری بەغدای هەڵپەسارد
مەودا میدیا-

نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڵاویکردووەتەوە بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبەوە کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە سەرۆک وەزیرانی عیراق کارەکانی هەریەک لە وەزیری تەندروستی و پارێزگاری بەغدا و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی رەسافەی هەڵپەسارد.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق هاتووە "ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی نیسانی 2021 لە کۆبوونەوەیەکدا کازمی  لیژنەیەکی  بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی وەزیری پلاندانان و وەزیری داد و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و نوێنەرێکی پەرلەمانی عیراق وەک چاودێر پێکهێنا بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە".

 ئاماژە بەوەشکراوە "مستەفا کازمی کارەکانی هەریەک لە وەزیری تەندروستی و پارێزگای بەغدا و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی رەسافەی هەڵپەسارد و  لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".

شەوی رابردوو، ئاگرێکی گەورە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب کەوتەوە، بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویکردووەتەوە 82 کەس لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 110 کەسی دیکەش برینداربوون.

س.س
Qaiwan
Qaiwan