کوردستانی
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە کاتژمێرەکانی کارەبا رووکردنەوە دەدات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-پێشکەوت حاجی
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لەئێستادا زیاتر لە 22 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتییان، هەروەها ئەو بڕە کارەبایەی دەدرێت بە خوارووی عیراق هیچ کاریگەرییەکی خراپ دروست ناکات.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لەئێستادا بەپێی ئەو پلانەی رامانگەیاندبوو زیاتر لە 22 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاوڵاتییان، ئێمە وتمان 19 کاتژمێر دابیندەکەین بەڵام زیاتر لە 22 کاتژمێرمان دابینکرد، ئەم پلانەش بەهۆی مانگی رەمەزان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەردەوامدەبێت و جارێ هیچ پلانێکی دیکەمان نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە هەوڵداین تا ئەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا زیاتر بکەین، لەئیستادا و بەبێ ئەوەی مانگی رەمەزان بەربەست بێت تیمەکانمان خەریکی کارکردنن لە وێستگەی کارەبای گەرمیان و بەمزووانە تەواودەبێت و دەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات".
سەبارەت بەو بڕە کارەبایەی دەدرێت بە سێ پارێزگای عیراق روونیکردەوە "لەرابردووشدا ئەو کارەبایە دراوە بەو سێ پارێزگایە و بابەتێکی نوێ نییە، ئەو بڕە وزەیە زیادە بووە و دراوە بە پارێزگاکانی دیالە و نەینەوا و کەرکوک، لەبەرامبەردا سوتەمەنی وەرگیراوە".
پ.ح
پ.ح