عیراقی
بەمزووانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-پێشکەوت حاجی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشکرایکرد بڕیارە دوای جەژن شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بەمەبەستی دیاریکردنی میکانزمێک بۆ رادەستکردنی داهات بە بەغدا، هەروەها بەمزووانە بەشە بودجەی هەرێم رەوانە دەکرێت.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە مەودا میدیای راگەیاند "پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە بەمزووانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات تا ئەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ حکومەتی ناوەند روون بکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "دەبیت داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان هەژماربکرێت کە ئایا چەند پارە دێتە سندوقی دارایی هەرێمی کوردستان و میکانزمێک دیاریبکرێت بۆ رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی بۆ حکومەتی هەرێم دیاریکراوە، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی ئامادەیی خۆی نیشانداوە و پێشکەشی هەریەک لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی کردووە".
سەبارەت بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی درەنگ ناردنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەیەوێت بابەتەکە پەکبخات روونیکردەوە "بەهیچ جۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم بابەتە دواناخات، بەهۆی ئەوەی نەناردنی بودجە کێشەی دارایی گەورە لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات و بەردەوامیی دەدات بە لێبڕین و دواکەوتنی مووچە".