کوردستانی

دوزخورماتوو؛ یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێری ھاوبەش رێکناکەون و مەترسیی لەسەر دەنگی کورد ھەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوزخورماتوو؛ یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێری ھاوبەش رێکناکەون و مەترسیی لەسەر دەنگی کورد ھەیە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لە قەزای دوزخورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆئەوەی کاندیدێکی هاوبەشیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق کە بڕیارە لە مانگی 10ی 2021 ئەنجام بدرێت.

مەلا کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی 16ی رێکخستنی حەمرین بە مەودا میدیای راگەیاند "تائێستا یەکێتی لە قەزای دوزخورماتوو دوو کاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق یەکلای نەکردووەتەوە بۆ یەک کاندید، بەڵام مەبەست ئەوەیە یەکلابکرێتەوە بۆ یەک کاندید، لەئێستادا کاندیدێکی ژن و کاندیدێکی پیاو هەیە".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "بزووتنەوەی گۆڕان کاندیدی لەگەڵ یەکێتیدایە، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتوو لێکتێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەو بابەتە".

سەبارەت بەوەی بۆچی لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە ئەوەی یەک کاندیدتان هەبێت لە دوزخورماتوو مەلا کەریم وتی "یەکێتی لە سەرەتاوە هەوڵی زۆری دا لە کۆبوونەوەکاندا لێکتێگەیشتن دروستببێت، بۆئەوەی کاندیدێکی هاوبەش هەبێت، بەڵام پارتی ئامادەی ئەوە نەبوو، بۆیە کاندیدی خۆی بە جیا دیاریکرد".

هاوکات لەسەر هەمان پرس ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو بۆ مەودا میدیا وتی "پارتی وەک حزبەکانی دیکە لە ناوچە دابڕێندراوەکان کاندیدی خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق لە قەزای دوزخورماتووش یەک کاندیدمان هەیە".

ئەرسەلان عەلی تیشکی خستەسەرئەوەی "حەزمان دەکرد وەک کورد کاندیدێکی سەربەخۆمان هەبووایە لە ناوچە دابڕێندراوەکان، بەڵام لەدوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان نەگەیەشتینە رێککەوتن، بۆیە پارتیش کاندیدی خۆی دیاریکرد".

س.س
Qaiwan
Qaiwan