کوردستانی

حزبێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


حزبێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد
مەودا میدیا-

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بڕیاریدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بکات و رایگەیاند "شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە تێكڕای دەنگ دووپاتی بایكۆتی بەشداری كردن لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق کردەوە و پێی وابوو ساختەكاری و پیلانی حزبە دەسەڵاتدارەكان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان تەواوی پرۆسەی سیاسییان لە عیراق و كوردستان و پرۆسەی هەڵبژاردنیان ناشرین و قێزەون كردووە، بۆیە داوا دەكات لە هەموو دەنگدەرو ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی كە دەنگ بە هیچ كاندید و لیست و حیزبێك نەدەن و بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكەن، جگە لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم".

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئەمرۆ یەك شەممە بەرواری 2021/5/23 ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە سەرپەرشتی بەڕێز مامۆستا عیرفان علی عبدالعزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجام دا.

ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی چەندین بڕیارو راسپاردەی راگەیاند كە لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەیخاتەڕوو:

1- ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی دەردەبڕێت بۆ قودسی پیرۆزو مسوڵمانانی فەڵەستین كە لە مانگی رەمەزان و شەوانی قەدر دا كەوتنە بەر شاڵاوی زایۆنیستیەكان و هێرش و پەلاماردانی ناڕەوا بۆ سەركەرتی غەززە كە لە ئەنجامدا سەدان خەڵكی سڤیل و بێتاوان بوونە قوربانی، ئۆمێدەوارین كومەڵگەی نێو دەوڵەتی و وڵاتانی مسوڵمان پشتیوان و هاوكاربن بۆ براكانیان و قودسی پیرۆزو جارێكی تر رێگە نەدەن دەوڵەتی ستەمكاری ئیسرائیل ئاوا بە ئاسانی پەلاماری قودس و كەرتی غەززە بدەن و سنورێك بۆ سەرەڕۆیی و تیرۆری دەوڵەت بەرامبەر مسوڵمانانی بێتاوان دانێن، لە هەمان كاتدا دڵخوشی و پیرۆزبایی دەكەین لەو سەركەوتنە مەزنەی كە خەڵكی خۆڕاگری فەڵەستین بە دەستی هێنا.

2- ئەنجومەنی شورای بزووتنەوە بە تێكڕای دەنگ دووپاتی بایكۆتی بەشداری كردن لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كردەوەو پێی وابوو ساختەكاری و پیلانی حزبە دەسەڵاتدارەكان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان تەواوی پرۆسەی سیاسییان لە عێراق و كوردستان و پرۆسەی هەڵبژاردنیان ناشرین و قێزەون كردووە، بۆیە داوا دەكات لە هەموو دەنگدەرو ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامیی كە دەنگ بە هیچ كاندید و لیست و حیزبێك نەدەن و بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكەن، جگە لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

3- بزووتنەوەی ئیسلامی پێی وایە دەستورێك گرنگە بۆ كوردستان، بەڵام بە دوور بێت لە میزاجی حزبە باڵا دەستەكان، بەڵام لەوە گرنگتر چاكسازی ریشەیی و نەهێشتنی گەندەڵی بە كردار ئەنجامبدرێت، هاوكات ئاشكرا كردنی داهاتەكانی نەوتی و نانەوتییەكان، داهاتی ناوخۆ و باج و داهاتی خاڵە سنورییەكان و كۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچەو دەست وەرنەدان لە كاروباری دادگاكان و دادپەروەری و عەدالەت كە بە داخەوە دەسەڵات بەهۆی پاوانخوازی و بەرژەوەندچیەتیان ناتوانن خۆیان بگۆڕن و متمانە بگێڕنەوە بۆ شەقامی ناڕازی كۆمەڵگەی ستەمدیدەی كوردستان.

4- ئەنجومەنی شورایی بزوتنەوەی ئیسلامی پێی وایە چەندین لایەن و رێكخراو و گروپ و كەسانی گوماناوی جۆراوجۆر بە پشتیوانی و هاوكاری لایەنی بیانی و نێوخۆیی هەوڵی شێواندنی رەوشت و ئەخلاقی گەنج و لاوانی كوردستان دەدەن و دەیانەوێت شەرم و شكۆ و كەسایەتیان تێكبدەن و بیشێوێنن و ئێمە لە بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان خۆمان بە پارێزەرو شوناس و دین و ئەخلاقی میللەتەكەمان دەزانین و داوا دەكەین لە هەموو زانایانی ئیسلامی و رێكخراوەكانی كۆمەڵكەی مەدەنی و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و هەموو ئەوانەی لە خەمی دین و ژین و ئەخلاقی كۆمەڵگەی مسوڵمانی كوردستانن هاوكارو پشتیوان بن لەگەڵماندا بۆ پاراستنی گەلەكەمان و دوور خستنەوەی مەترسی بەدرەوشتی ئیلحادی بێ بنەما لەسەر لاوانی كۆمەڵگاكەمان.

5- ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی دەستخۆشی و سوپاسی هەموو مەڵبەندەكان و رێكخراوە خێرخوازییەكانی دەكات كە لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا توانیان هەریەكەو لە سنووری خۆی بە پێی توانایان هاوكاری خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت بكەن و كەمێك لە ئازارەكانیان كەم بكەنەوە.

6- ئەنجومەنی شوڕای بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاریدا ستراتیژیەتێكی تۆكمەو رۆشن دابڕێژێت بۆ چالاككردنی بواری پەروەردەو پێگەیاندنی ئەندامان و كادیرانی خۆی.

ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی
۲۳ی ئایاری ۲۰۲۱

Qaiwan
Qaiwan