کوردستانی

قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ رێگری لە پەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ رێگری لە پەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، ئاماژەی بەوەشکرد پێویستە هەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ رێگری لە پەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان.

ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئایاری 2021 بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان سەبارەت بەزیادبوونی رێژەى حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوەچوو کە تیادا تاوتوێی ئەو حاڵەتانەکرا کە لەماوەى رابردوودا تۆمارکراون، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی گرتنەبەرى رێگەچارەى خێرا و پلانی کورتخایەن خرایەڕوو، لەپێناو رێگری لە پەرەسەندنی ئەم حاڵەتانەدا.

لەوبارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران  وتی "پێویستە هەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ رێگری لەپەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و خۆکوشتن، و لەڕێى کەناڵە جیاوازەکانەوە هەوڵى بڵاوکردنەوەى رێنمایی و هۆشیاری خێزانی بدەین تا چارەسەرى پێویست بۆ ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە بدۆزینەوە".

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا رێگەچارەى خێرا بگیرێتەبەر، لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کردنەوەى خولى جۆراوجۆرى راهێنان بۆ ئەفسەران و وتەبێژان لەبارەى هۆشیارى لەبنەماکانی یەکسانی جێندەری.

هەروەها، بڕیاردرا رێگری بکرێت لەبردنەدەرەوەی کەیسی نێو شێڵتەرەکان تا کۆتایی هاتنی راوێژ لەگەڵ سەنتەرە تایبەتەکاندا، لەگەڵ جیاکردنەوەى کەیسەکان لەناو شێڵتەر بەپێى جۆر و تایبەتمەندیی کەیسەکان. هەروەها بڕیاردرا بە دابینکردنی بودجەی پێویست و بینای گونجاو بۆ شێڵتەرەکان.

هاوکات بڕیاریشدرا ئەنجومەنی باڵای خانمان ستراتیژێکی تایبەت بە رێگری کردن لە توندوتیژی دژی ژنان ئامادەبکات بە وەرگرتنی بۆچوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی حکومەت بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، بۆردێک دروست بکرێت بۆ بەدواداچوون و پابەندبوون بە میساقی شەرەف کەلەنێوانی راگەیاندن و رێکخراوەکان هەیە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر رێگری کردن لە سەرپێچی کردن لە رێنماییەکانی وەزارەت و بنەما پیشەیی یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تایبەت بەرووماڵى کەیسەکانی ژنان، هاوکات جەختکرایەوە کە پێویستە مامۆستایانی ئایینی رۆڵى خۆیان ببینن و لەوتارە ئاینییەکاندا پاڵپشتی بەرەنگاربوونەوەى کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بکەن.

کۆبوونەوە بە گرنگی زانی سوود لەتواناى توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و چالاکوانانی بوارى مافى مرۆڤ ببینرێت بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانی کۆمەڵ و بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەى گیانی باوەڕبەخۆبوون و چاندنی تۆوی هیواو ئومێد لەجێى نائومێدی، سەربارى خستنەرووى ئەوەى کە خۆکوشتن نەحاڵەتێکی ژیرییە و نەچارەسەرێکی دروستە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.

س.س
Qaiwan
Qaiwan