کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی داوایەک ئاراستەی حکومەتی عیراق دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


فراکسیۆنی پارتی داوایەک ئاراستەی حکومەتی عیراق دەکات
مەودا میدیا-

فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی شەڕی پەکەکەو تورکیاو زیانگەیاندن بە ژینگەی کوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەداخەوە شەڕی پەکەکەو تورکیا هەمیشە ماڵوێرانی بۆ سەر ژیان و ژینگەی کوردستان و کاولکردنی گوندەکان و نەهێشتنی ژیان هەبووە لە ناوچە سنوورییەکاندا، ئێمە نەک ئێستا لەسەر داربڕین بەڵکو لە رابردووش ڕامانگەیاندووە با چیدی خەڵکی سڤیل نەبنە قوربانی و شەهید نەکرێن، با ئەم کێشەیە لەناو خاکی تورکیا چارەسەر بکرێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان و ژینگەی کوردستان و ئاژەڵ و سروشتی کوردستان نەبنە قوربانی ئەم شەڕە".

ئاماژە بەوەشکراوە "وەک چۆن داوا لەحکوومەتی تورکیا دەکەین خەڵکی سڤیل و سروشتی کوردستان و گوندەکانمان نەکات قوربانی کێشەی خۆی لەگەڵ پەکەکە، لە هەمانکاتدا دەڵێین پەکەکە هەمیشە بیانووی داوەتە دەست تورکیاو بە بەرپرسیارییەتەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخی هەستیارو ناسکی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەپێچەوانەوە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان تێوەبگلێنن و خەڵک و سروشت و خاکی کوردستان باجی ئەو بیانووانە بدات کە ئەوان دەیدەنە دەست حکوومەتی تورکیا".

ئەوەش هاتووە "لێرەشەوە داوا لە حکومەتی عیراقی دەکەین هەڵوێستیان هەبێت و لەم کێشەیە بێلایەن نەبن هەم لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا قسە بکەن و هەم پەیامێکی روون بدەنە پەکەکە، هەر لەمبارەیەوە یاداشتێکمان ئامادەکردووە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و داوای ڕێکاری پێویستی په‌رله‌مانی و دانیشتنی تایبه‌ت دەکەین لەسەر ئەم پرسە".

س.س

Qaiwan
Qaiwan