کوردستانی
بافڵ تاڵەبانی: داوامان کردووە بەپەلە کێشەی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە چارەسەر بکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئایاری 2021 بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتای کرد و لەلایەن مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و ژمارەیەک فەرماندە و پلەباڵای سەربازی پێشوازی لێکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئایاری 2021 بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتای کرد و لەلایەن مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و ژمارەیەک فەرماندە و پلەباڵای سەربازی پێشوازی لێکرا.
لەکۆبوونەوەیەکدا بافڵ تاڵەبانی تیشکی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان و ھەڵوەستەی کرد لەسەر بارودۆخی سەربازیی ئەم دواییەی بەغدا و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و ھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە.
لەبارەی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و پێشخستنی توانا سەربازییەکان و پێداچوونەوە بە پەیکەری یەکە سەربازییەکان، ھاوسەرۆک جەختی لەوە کردەوە یەکێتی پاڵپشتی و ھاوکاری سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە دەکات و دەمانەوێت ھێزێک بونیادبنێینەوە کە لەئاست گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بێت. لەڕووی نەتەوەییشەوە ببینە خاوەنی ھێزێکی پڕچەک، تۆکمە و راهێنراو کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خاک و وڵاتەکەمان بپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەم ھەنگاوانەش رێگەنادەین لەم پرۆسە نیشتمانییەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت و ناھاوسەنگی دروستبکرێت. دەبێت لە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بنەماکانی یەکسانی، دادپەروەری و نیشتمانی رەچاو بکرێت.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای بەرچاوڕوونکرد لە سیاسەتی نوێی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەند راسپاردە و بڕیارێکی دەرکرد لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ھەرێم بە تایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە و لەئێستادا لەچوارچێوەی ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ ھێزە عیراقییەکان ھەماھەنگی دەکرێت و بەرنامە و پلان بۆ ئارامی زیاتر لەو سنوورانە دادەنرێت.
سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی ھێزەکانی پێشمەرگە و دواکەتنی مووچەی چەند لیوایەکی ھاوبەش، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی "لە رێگەی نوێنەرەکانمانەوە لە حکومەت داوامانکردووە ئەم کێشەیە بە خێرایی چارەسەر بکرێت و رێگەنەدرێت ژیان و قوتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بخرێتە ناو کێشمەکێش و ململانێکانەوە".
لە درێژەی سەردانەکەدا بافڵ تاڵەبانی بارەگای دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروبارە سەربازی و ھەواڵگرییەکان کرد، لە بەرانبەر ماندووبوون و رۆڵی دەزگاکە لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێم، سوپاس و دەستخۆشی لە جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە و ئەفسەران و کارمەندانی دەزگاکە کرد کە لە خۆبووردووانە لەئەرکدان و ھاوکار و پشتیوانی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، ناوخۆ و ھێزەکانی دژەتیرۆرن و وەک یەک تیم بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان کاردەکەن.
س.س
س.س