کوردستانی

ئەو پێشمەرگەیەی بەزۆر 150 دۆلاری لێسەندرا رەتی دەکاتەوە لەلایەن فرۆکەخانەی هەولێرەوە هاوکاری کرابێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەو پێشمەرگەیەی بەزۆر 150 دۆلاری لێسەندرا رەتی دەکاتەوە لەلایەن فرۆکەخانەی هەولێرەوە هاوکاری کرابێت
مەودا میدیا-

ئەو پێشمەرگەیەی لەلایەن کۆمپانیایەکەوە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بڕی 150 دۆلاری لێسەندرا بەمەبەستی گواستنەوەی بۆ ناو فرۆکە، رەتی دەکاتەوە لەلایەن فرۆکەخانەی هەولێر و کۆمپانیاکەوە هاوکاری کرابێت و قەرەبوو کرابێتەوە.

کامەران مەحمود، ئەو پێشمەرگەیەی لەلایەن کۆمپانیای فلای ئەربیل لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بڕی 150 دۆلاری بەزۆر لێسەندرا بەمەبەستی گواستنەوەی بۆ ناو فرۆکە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "وتەکانی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەی هەولێر و بەرپرسانی کۆمپانیای فلای ئەربیل و بریکارەکەی دیار تراڤڵ نەک هەر دوور بوون لە راستیەوە، بەڵکو بڕێکی زۆر چەواشەکاریشی تێدابوو، تەنها دەیان ویست گەندەڵیەکەی خۆیانی پێ پەردەپۆش بکەن، نەک داوای لێبوردن لە من بکەن و کۆتایی بهێنن بە وەرگترنی پارەی زۆرەملێ لە گەشتیارو کەم ئەندامان".

دەقی روونکردنەوەکە:

رونکردنەوەیەک لە سەر کەیسی ئەو پێشمەرگە کەمئەندامەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر ١٥٠ دۆلاریان لێسەند
 
من کامەران مەحموود، پێشمەرگەی خاوەن-پێداویستی تایبەت کە لە رۆژی ٢٧\٥\٢٠٢١ لە فڕکەخانەی هەولێر بە زۆر ١٥٠ دۆلاریان لێسەندم، بە پێویستم زانی ئەم رونکردنەوە بۆ رای گشتی بڵاوبکەمەوە چونکە وتەکانی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەی هەولێر و بەرپرسانی کۆمپانیای فلای ئەربیل و وەکیلەکەیشی (دیار تراڤڵ) نەک هەر دور بوون لە راستیەوە، بەڵکو بڕێکی زۆر چەواشەکاریشی تیابوو. تەنها دەیان ویست گەندەڵیەکەی خۆیانی پێ پەردەپۆش بکەن، نەوەک داوای لێبورن لە من بکەن وکۆتایی بهێنن بە وەرگترنی پارەی زۆرەملێ لە گەشتیارو کەم-ئەندامان. 

یەکەم: ئەوەی کە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر وتی کە گوایە کۆمپانیای فلای ئەربیل سزا دراوە بە ٢٥٠٠ دۆلارو ئەم بڕە پارەیەش دراوە بە من تەواو دورە لە راستیەوە. نەک هەر ٢٥٠٠ دۆلار تەنانەت ئەو ١٥٠ دۆلارەی خۆشمیان نەداوەتەوە کە بە زۆر لێیان سەندووم.

دووەم: دوو رۆژ پێش ئێستا بەرپرسانی کۆمپانیاکە (کە کۆمپانیای دیار تراڤڵەو بۆ فلای ئەربیل کار دەکات) تەلەفۆنیان بۆ کردم بۆ ئەوەی بێنە لام و داوای لێبوردن بکەن، منیش وتم باشە ئەگەر بە فەرمی داوای لێبوردن بکەن، بەڵام ئەوان  دەیانویست من ئیستغلال بکەن و بە ڤیدیۆ-لایڤی فەیسبووک قسەی خێر بۆ کۆمپانیاکەیان بکەم و گەندەڵیەکانیان بۆ پەردەپۆش بکەم و بڵێم ئەو کێشانە روینەداوە، لەبەرامبەردا وتیان هەموو ساڵێک تکتێکی بێبەرامبەرت بۆ دابین دەکەین گەر ئەمە بکەیت. من ئەمەم قبوڵ نەکرد چونکە زۆر بە کارێکی ناپرۆفێشناڵ و نزمم زانی. ئەوان هەڵەیان کردووە بەرامبەر بە من دەبێت هەڵەکەی خۆیان چارەسەر بکەن. من تکتی بێ بەرامبەری ئەوانم ناوێت و لەم پرسەدا تەنها مەبەستم ئەوەیە کە واز بهێنن لە پارە لەخەڵک سەندن بەزۆر و دوور لە هەموو رێکارە یاسایی و ئیداریەکان.

سێهەم: دەربارەی ئەوەی کە بەڕێوەبەری فڕکەخانەکە وتوویەتی ئەوان ئاگادار نەکراونەتەوە لەوەی کە من پێویستم بە کورسی کەم-ئەندامی هەیە. من بەڵگەم هەیە کە رۆژی ٢٩\٤\٢٠٢١ وێنەی تکتەکەو پاسەپۆرتی خۆمم بۆ ناردوون. ئینجا لە رۆژی ٢٠\٤\٢٠٢٠ ( ٣٧ رۆژ پێش ئەوەی ١٥٠ دۆلارەکەم لە فڕۆکەخانە لێبسێنن) ئەوانم ئاگادارکردۆتەوە کە خاوەن-پێداویستی تایبەتم، ناسنامەی کەم-ئەندامی خۆمم بۆ ناردوون، هەروەها ناسنامەکەم ئەوە روندەکاتەوە کە من ١٠٠% کەم ئەندامم (هەموو ئەم بەڵگانە هاوپێچکراون لەگەڵ ئەم نوسینە). هەربۆیە، هەموو ئەو بیانوانەی کە خستویانەتە روو بۆ وەرگرتنی ئەو ١٥٠ دۆلارە بێ بنەمایە. 

چوارەم: ئەوانەی کە ١٥٠ دۆلارەکەیان لە من سەند کارمەندانی کۆمپانیای فلای ئەربیل بوون. ئەوان بە روونی پێیان وتم گەر ئەم پارەیە نەدەم ناهێلن سوار فڕۆکەکە ببم و تکتەکەم دەفەوتێت. تەنانەت ماوەیەکی زۆر مشتومڕم لەگەڵ کردن و هەوڵمدا تێیان گەیەنم کە ئەوەی ئەوان دەیکەن نادروست و ناڕەوایە، ئەوانیش هەموو جارێک تەلەفۆنیان دەکرد بۆ بەڕێوەبەرەکەیان و دواتر سورتر دەبوون لەسەر ئەوەی کە پارەکەم لێوەربگرن.

پێنجەم: ئەو ئۆتۆمبیلەی منیان پێ گواستەوە بۆ ناو فڕۆکەکە هیچ تایبەتمەندی و خزمەتگوزاریەکی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی تیا نەبوو. تەنانەت کارمەندەکانیشیان خەڵکی بیانی و ئاسیایی بوون و هەر لە زمانی کوردی تێنەدەگەیشتن.

شەشەم: لە رۆژانی رابردوودا بەرپرسانی کۆمپانیاکە هەرچی پەیوەندییان بە منەوە کردووە تەنها بۆ ئەوە بووە کە من بێدەنگ بم و ئەوان بەردەوام بن لەسەر ئەم جۆرە کارانەیان، نەک ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوەو بە فەرمی داوای لێبوردن بکەن. بۆیە من تا ٤٨ سەعاتی تر دەوەستم ئەگەر بە فەرمی داوای لێبوردنم لێ نەکەن لە ئەڵمانیا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم.

کامەران مەحموود
Qaiwan
Qaiwan