کوردستانی

یەکێتیی مامۆستایان لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەی مامۆستایانەوە دەدوێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتیی مامۆستایان لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەی مامۆستایانەوە دەدوێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەکەین چیتر یاری بە بژێوی مامۆستایان و مووچەخۆران نەكات ئاماژەی بەوەشکرد ئەوان دڵنیایین پارە هەیە و مووچەش كە دابەش ناكرێت بۆ تەحەداكردنی مووچەخۆرانە.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "دواكەوتنی مووچە پەیوەندیی بە نەبوونی پارەوە نییە، بەڵكو ئێمە دڵنیایین كە پارە هەیە، بەڵام ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیکات وەك ئەوەیە بڵێن ئێمە پارەشمان هەیە و مووچەش دابەش ناكەین بە ویستی خۆمان مووچە دابەش دەكەین".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئەو بێوەفاییەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیان لەبیربێت و ئێمە وەك یەكێتی مامۆستایانی كوردستان زۆر نیگەرانین و ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین و پێویستە سەرجەم مووچەخۆران لەسەر ئەو پرسە بێنە دەنگ و ئەو ناهەقی و زوڵمەی بەرانبەریان دەكرێت چیتر قبوڵی نەكەن".

ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە دڵنیایین پارە هەیە و مووچەش كە دابەش ناكرێت بۆ تەحەداكردنی مووچەخۆرانەو بەشێكی لە داخی ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی كوردستان و چالاكوانانەیە كە ناڕەزایی دەردەبڕن و واژۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە كۆكردووەتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا عەتا ئەحمەد وتی "داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەکەین چیتر یاری بە بژێوی مامۆستایان و مووچەخۆران نەكات و كۆتایی بە بارگرانی سەرشانی مووچەخۆران بهێنێت و مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچەی تەواوەتی دابەش بكرێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan