کوردستانی

نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە و کوالێتییەکەی دادەبەزێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە و کوالێتییەکەی دادەبەزێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رۆژبەڕۆژ نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بەرزدەبێتەوە و جۆر و کوالێتی بەنزینیش خراپە، ئەمەش شۆفێران و هاوڵاتییانی نیگەران کردووە، ئەندامێکی  وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەوبارەیەوە هیچ وەڵامێکی نییە.

جیهاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "وەک لیژنە بەدواداچوونمان بۆ پرسی گرانبوونی نرخی بەنزین نەکردووە، بەڵام سێ ئەندام پەرلەمان نوسراومان ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "هەر لە نوسراوەکەدا جگە لە باسکردنی نرخ باسمان لە خراپی جۆری بەنزین کردووە کە بەشێوەیەک جۆر و کوالێتی بەنزین خراپە هاوڵاتییانی نیگەران کردووە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تائێستا هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە باسی لەوەشکرد "ئەگەر نرخی بەنزین بەمشێوەیە بێت پێویستە لیژنەی وزە لە پەرلەمانی کوردستان یاداشت بداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە نرخ و کوالێتی بەنزین، بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکرێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan