کوردستانی

"بەرهەمی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی رابردوومان شكست و بێهیوایی بووە بۆ گەلەكەمان"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"بەرهەمی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی رابردوومان شكست و بێهیوایی بووە بۆ گەلەكەمان"
مەودا میدیا-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رووداوەكەی چیای مەتینا رووداوێكی دڵتەزێن بوو كە بووە مایەی نیگەرانی و پەرۆشی هەموو كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، لەم دۆخەدا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسیانەی هەیە پارێزراوبێت".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییە و شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەک لە چیای مەتینیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "رووداوەكەی چیای مەتینا رووداوێكی دڵتەزێن بوو كە بووە مایەی نیگەرانی و پەرۆشی هەموو كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر. گەلەكەمان لە رابردوودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە كوردییەكانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر تووشی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی بكرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆخەكە وا دەخوازێت هەموو لایەكمان لە قسە و كردار و هەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین و لەم دۆخەدا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسیانەی هەیە پارێزراوبێت، بەرهەمی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی رابردوومان تەنیا شكست و بێهیوایی بووە بۆ گەلەكەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆكوژی و ئاڵۆزییەكانی رابردوومان دەدەین".

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە كوشندەكانی رابردوو بێ گومان دەرەنجامەكەی شكست و بێهیواییەكی گەورەتر دەبێت بۆ هەموو كورد، بۆیە ئێستا هەموو لایەكمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەداین و دەبێت هەموو هەوڵێكمان بە ئاراستەی چارەسەركردن بێت نەك ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە؛ با ژیرانە و خەمخۆرانە و كوردانە و بەرپرسیارانە كێشەكان چارەسەر بكەین. لە كۆتاییدا لەدڵەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری پێشمەرگە شەهیدەكانی چیای مەتینا دەكەم و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازم و هیوادارم بە حیكمەت و دانایی پێش بە دووبارەبوونەوەی رووداوی دڵتەزێنی دیكە بگرین".

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan