کوردستانی

وەزیری ناوخۆ: یەکەی پاسەوانی رێکدەخرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیری ناوخۆ: یەکەی پاسەوانی رێکدەخرێتەوە
مەودا میدیا-

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەی هەشتای خستووەتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەشی خستەڕوو داوا لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش دەکەی یەکەی 70 بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی‌ كوردستان رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند "رێنمایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە بۆ رێکخستنی یەکەی پاسەوانی و دەستبەکاربونی تیمی یەکەی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ". 

ئاماژەی بەوەشکرد "مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەی 80ی خستووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هیوادارین برایانمان لە یەکێتی یەکەی 70 بخەنەوه‌ سەر وەزارەتی پێشمەرگە".

باسی لەوەشکرد "بۆ پەرلەمانتارانمان روونکردنەوە و لیژنەیەکمان دروستکردووە بۆ هەمواری یاسای چەک ژمارە 16ی ساڵی 1993 و چەندین ساڵ پێش ئێستا ئەم یاسایە دەرچووە، بۆ ئەوەی ئەم یاسایە بگونجێت لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و ئەو کێشانەی روبەڕووی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەمنی دەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەو چەکانەی لە هەرێم هەن شێوەیەکی فەرمیان پێبدرێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan