کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک بڵاوکردەوە لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "کاتژمێر 7:30 سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 8ی حوزەیرانی 2021 لە ناوچەی شەرانش لە ناحیەی دەرکاری قەزای زاخۆ، جارێکی دیکە له‌ درێژەی ئه‌و رووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، پێشمەرگەیەک بەناوی (رەزوان محەمەد عەلی) شه‌هیدبوو".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا، ئه‌وە جاری دووه‌مه‌ رووداوی نه‌خوازراوی له‌و شێوه‌یه‌ رووده‌دات، ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه به‌توندی ئیدانه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، كه‌ دواجار به‌ قازانجی دوژمنان و ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان ته‌واوده‌بێت، بانگ له‌ ته‌واوی هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی عیراقی ده‌كه‌ین بۆ نیشاندانی رۆڵی كارا و كاریگه‌ریان له‌ راگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ و پاراستنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم، هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا رۆڵ بگێڕن".

ئەوەش خراوەتەڕوو "هێزه‌كانی پەکەکەش دەبێت لەوە تێبگەن، بەم کردەوانەیان هیچ ئامانجێک بەدی نایه‌ت و ته‌نها گه‌له‌كه‌مان باجی گەورە ده‌دات، هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاست بەرپرسیارێتی گەورەی سەرشانی خۆیاندا دەبن، لە پاراستنی شار و گوندەکان و خەڵکی کوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانی هه‌رێم له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانی".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووشە "وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێم له‌ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانییەتی و رێگه‌ نادات هیچ هێزو لایه‌نێك سنووره‌كانی بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ مافی خۆی ده‌زانێت به‌ هه‌موو هێزه‌ دیموكراتخواز و وڵاتانی دۆست رابگه‌ینێت، كه‌ ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ پاراستنی ئاشتی و ئازادی و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، نه‌ك شه‌ڕێكی نه‌خوازراوی ده‌ستدرێژیكارانه‌".

س.س
Qaiwan
Qaiwan