کوردستانی

دەستووری هەرێمی کوردستان و کێشەکانی بەردەمی

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەستووری هەرێمی کوردستان و کێشەکانی بەردەمی
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت گرنگە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نووسینەوەی دەستوور کۆکبن، ئاماژە بەوەشدەکات ئێستا بۆ پرسی نووسینەوەی دەستوور گونجاو نییە.

رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لەگەڵ بوونی ئەو هەموو کێشەی کە لەئێستادا کوردستانی تێدایە پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستانیش هاتووەتە پێشەوە، پێشتریش کاری لەسەر کرابوو، بەڵام پێموایە دەکرێت نووسینەوەی دەستووریش لە دەرەوەی پەرلەمانی کوردستانیش کاری لەسەر بکرێت لەلایەن کەسانی شارەزا لە بواری دەستوور، هەروەها رای هاوڵاتییانیش وەربگیرێت لەسەری".

ئاماژەی بەوەشکرد "گرنگە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نووسینەوەی دەستوور کۆکبن، هەروەها ئێستا بۆ پرسی نووسینەوەی دەستوور گونجاو نییە، چونکە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشەی ئابووری و سیاسی هەیە لە ناوخۆدا، هەروەها کێشەکانی هەرێم و بەغداش بوونی هەیە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو "کێشەی سنووری کوردستان کە کێشەیەکی قوڵە و ماوەیەکی زۆرە هەیە لەم چەند رۆژەی رابردوودا کێشەکە زیاتر قوڵبووەتەوە و تورکیا بە تەواوەتی هاتووەتە ناوخاکی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێت کێشەی سنووری هەرێمی کوردستان چارەسە بکرێت، ئینجا دەستووری هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە".

"بۆ نووسینەوەی دەستوور گرنگە لە پێشدا کەشێکی ئارام دروستبکرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن و لایەنە سیاسییەکان یەکگرتووبن، ئەو کاتە دەتوانرێت دەستوورێکی گونجاو و باش بۆ هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە"، رابیحە حەمەد وای وت.

س.س
Qaiwan
Qaiwan