کوردستانی

سەبارەت بە رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی راپەڕین روونکردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەبارەت بە رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی راپەڕین روونکردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا-

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایکرد، پاش ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە ئۆتۆمبێلێک لە ناوبازاڕی رانییە سووتاوە، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی گەیشتنە سەر رووداوەکە و تواندرا کۆنترۆڵ بکرێت، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی ئەوەی پێیان وتووە ئۆتۆمبێلەکەت کێشەی دزیاری هەیە تووشی هەڵچوون بووە و ئەو کارەی کردووە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی راپەڕین بە مەودا میدیای راگەیاند، "لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بەهاوکاری تیمەکانی بەرگری شارستانی راپەڕین و هاوڵاتییان ئۆتۆمبێلەکەیان کوژاندەوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، " بە وتەی هاوڵاتییەکە دوو کەس لە شاری سلێمانی پێیان وتووە ئۆتۆمبیلەکەی کێشەی دزیاری هەیە و ئەویش سەردانی هەندێک شوێنی فەرمی کردووە، بەڵام ناوبراو چاوەڕوانی ئەنجامی رێکارە یاساییەکانی نەکردووە بۆ راستی و دروستی لە کێشەی ئۆتۆمبیلەکەی، ئاخۆ تایبەتمەندە بەکام فەرمانگەی حکومی تا کێشەکەی بۆ یەکلایی بکرێتەوە، لەئەنجامی هەڵچوون و توڕەییدا ئۆتۆمبیلەکەی لەناو بازاڕی شاری رانییە سووتاند، وە لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە".

پ.ح