کوردستانی

توركیا دەیەوێت پەنابەرە عەرەب و توركمانەكان بباتە ناو سەرێكانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


توركیا دەیەوێت پەنابەرە عەرەب و توركمانەكان بباتە ناو سەرێكانی
مەودا میدیا-

ئەندامێكی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایدەگەیەنێت دۆخی سەرێكانی و ناوچەكانی دەوروبەری باش نییە و ئاماژەی بەوەشكرد هیچ كوردێك لە سەرێكانی نەماوە ئەوەش پلانی دەوڵەتی توركیايه بۆ ئەوەی پەنابەرە عەرەبە و توركمانەكان بهێنێتە ناوچەكە.

فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا دۆخی رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی سەرێكانی و گرێسپی و ناوچەكانی دەوروبەری هیچ باش نییە و شەڕ بەردەوامی هەیە و ناوە ناوە دەوڵەتی توركیا و گروپە چەكدارانی هێرش دەكەن".

روونیشكردەوە "هیچ ئارامی لە رۆژئاوا نەماوە، توركیا دەیەوێت نەخشەی دیموگرافی ناوچەكە بگۆڕێت  ئێستا هەر یەكە لە گرێسپی و سەرێكانی ناوچەیەكی داگیركراون لە لایەن توركیاوە".

ئەوەشی خستەڕوو "لە ناوچەی سەرێكانی هیچ كوردێك نەماوە ئەوەش پلانی دەوڵەتی توركیایە دەیانەوێت كوردە رەسەنەكانی ئەو ناوچانە وەدەرنێن و لەوێ نەمێنن و دەیانەوێت پەنابەرە عەرەب و توركمانەكانی ناو توركیا بهێنە ئەو ناوچانەی كە كوردی تێدا نەماوە بە تایبەت سەرێكانی".

باسی لەوەشكرد "هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوە و وەستانەوە بە رووی دەوڵەتی توركیا و گروپە چەكدارەكان رێگە نادەن بە ئاسانی دیموگرافیای ناوچەكە تێك بدەن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دەوڵەتی توركیا هێرشی كردە سەر رۆژئاوای كوردستان و زیاتر لە سێ مانگە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شەڕدان.
Qaiwan
Qaiwan