کوردستانی
ئەمڕۆ ژمارەیەکی دیکەی چالاکوانانی بادینان دادگایی دەکرێن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی بەشێکی دیکە لە چالاکوانانی بادینان بەڕێوەبچێت، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش رایگەیاند پرۆسەی دادگاییکردنەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتار، نوێنەری یۆنامی، کەسوکاری چالاکوانەکان و هاوڵاتییان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ دووشهممه 12ی تهمووزی 2021، پرۆسەی دادگاییكردنی بەشێكی دیکە دەستگیركراوانی بادینان بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە پارێزەرانی تیمی خۆبەخشی چالاکوانەکان کە نەیدەویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بە مەودا میدیای راگەیاند، کەمێکی دیکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، نوێنەری یۆنامی، کونسوڵی وڵاتان، کەسوکاری چالاکوانان و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان پرۆسەی دادگاییکردنی نۆ چالاکوانی دیکە بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەو رۆژنامهنووس و چالاكوانانهى بڕیارە ئەمڕۆ دادگایی بكرێن پێكهاتوون لە عەلی حاجی، بەندەوار ئەیوب رەشید، کارگەر عەباس عەلی و شێروان تەها ئەمین بە دۆسیەیەک و عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان موسا ئەحمەد و سلێمان کەمال سلێمانیش بە دۆسیەیەکی تر نێردراون بۆ دادگا، هەریەکێک لەمانەش لە مانگی حوزەیرانی 2020 وە دەستگیرکراون".
باسی لەوەشکرد، ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی و سیخوڕیکردن بۆ ئەمەریكا، بەریتانیا، مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵح" دادگایی دەکرێن.
لە چەند رۆژی رابردووشدا کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان لە راگەیەندراوێکدا، داوایان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، چالاکوانان و خەڵکی مەدەنیی کرد، لە دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر ئامادەبن و بەرگریی لە چالاکوانان بکەن، چونکە ئەوان لە سەر داواکردنی مافی گشتی و داواکاری خەڵک دەستگیرکراون.
ئەوە لە کاتێکدایە مانگی حوزەیرانی 2020 ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لە بادینان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکران.
ر.ر