کوردستانی
نوێترین زانیاری لەسەر ئەو کێشەیەی لە باڵەکایەتی کەسێکی تێدا کوژرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
شەوی رابردوو لە نێوان مەڕدارانی بەرەکەیی و گوندێکی باڵەکایەتی لەسەر شوێنی لەوەڕگای مەڕوماڵات شەڕ دروستبووە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندابووە.
بە پێی زانیارییەکانی مەودا میدیا کێشەی نێوان مەڕدارانی بەرەکەیی و چەند گوندێکی باڵەکایەتی لە سنوری قەزای چۆمان ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوامی هەیە، لە درەنگانی شەوی رابردووشدا دووبارە شەڕ و پێکدانان لە نێوان مەڕدارانی بەرەکەیی و دانیشتوانی گوندی ئێنێ لەسەر لەوەڕگای مەڕوماڵات دروستبووەتەوە و بەو هۆیەشەوە هاوڵاتییەک بەناوی قەندیل مەحمود بەرەکەیی تەمەن 36 ساڵ کوژرا کەسێکی دیکەش بریندارە.
مەودا میدیا زانیوییەتی ئەو کەسەی کە کوژراوە و ئەوەش کە بریندارە سەر بە مەڕدارانی بەرەکەیین و بەهەڵە بەر دەستڕێژی چەکدارانی خۆیان کەوتوون.
هەر بە پێی زانیارییەکان تا ئێستاش لە چیاکانی ئەو ناوچەیە هەردوو لا بە چەکەوە لە بەرانبەر یەکتر راوەستاون و ئەو چەکانەی بەکار هاتوون لە جۆری "کڵاشینکۆف و بیکەیسیە".
مەودا میدیا لە زاری شایەتحاڵێکەوە زانیویەتی لە ئێستادا چەکدارانی ئەو دوو لایەنە هاتوونەتە ناو بازاڕی قەزای چۆمان و بەو هۆیەشەوە هاوڵاتیان دوکان و بازاڕەکانیان داخستووە.
ئەو شایەتحاڵە وتیشی، لایەنە ئەمنییەکانی قەزاکە کەمتەرخەمن و وەک پێوست نەهاتوون بەدەم چارەسەرکردنی کێشەکەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە مانگی نیسانی ساڵی 2020 لەسەر لەوەڕگای کوێستانەکانی ناوچەکە کێشە کەوتوەتە نێوان بەرەکەییەکان و خەڵکی باڵەکایەتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش سەردانی پەرلەمانی کوردستان کراوە، لیژنەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێکهێندراوە و چەندین کەسایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بنبڕکردنی کێشەکەدا بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
ر.ر