ئابووری
نرخی بەنزین لە 27 بەنزینخانە هەرزان کرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری سوتەمەنیی ھەولێر رایگەیاند، ھەنگاوی كرداری بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین دەستی پێكردووە و لە یەكەم قۆناغیشدا نرخی بەنزین لە 27 بەنزینخانەی شاری هەولێر هەرزان كرا.
ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری سوتەمەنیی ھەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ شەممە 17ی تەموزی 2021 رایگەیاند "لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لیژنەیەك دروست كراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە گرانبوونی نرخی بەنزین و كاركردن بۆ هەرزانكردنی بەنزین، كە بەردەوام كار دەكەن و لە یەكەم ھەنگاویشدا نرخی بەنزین لە 27 بەنزینخانەی ھەولێر هەرزان كرا و نرخەكەی كراوەتە 660 دینار و ناشبێت لەو نرخە گرانتر بفرۆشرێت".
باسی لەوەشكردووە، لیژنەی حكومی دیراسەی كارەكە دەكات بۆ ئەوەی بتوانێت نرخی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان هەرزان بكات، وەكو ئەوەی رێنماییەكان ئاسانتر بكرێت و ھاتنی بەنزین زووتر بگات و ھاوكارییان بكرێت، بۆیە ئەوەی پێویست بێت ھەم لە خاڵە سنووریەكان و ھەمیش لە رێكارەكان ھاوكاریی بازرگانان دەكرێت بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هەرزان بێت.
ئەوەشی خستووتەڕوو، حكومەت كار دەكات بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە 700 دینار زیاتر نەبێت چونكە حكومەت خۆی جدییە و نیگەرانە لە گرانبوونی بەنزین، كە لەسەر ئاستی باڵاش چاودێریی دەكەن، بۆیە كار دەكرێت بۆ ئەوەی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان هەرزان بكرێت و نابێت بەو شێوەیە گران بێت.
ر.ر