کوردستانی
هەپەگە: لە هێرشێکی پارتی بۆسەر گەریلاکانمان شەهید هەیە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
هێزەكانی پاراستنی گەل رایگەیاند، هێزێكی پارتی لە خەلیفان لە چەند رۆژی رابردوودا گەمارۆی ژمارەیەك گەریلایان داوە و هێرشیان کردووەتە سەریان و لە ئەنجامدا چەند گەریلایەك شەهید بوون.
لە راگەیەندراوێکدا هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە ئاشكرایكردووە "گروپێکی بچووکی گەریلا لە چوارچێوەی ئەرکەکانیاندا ویستوویانە لە شوێنێکەوە بچن بۆ شوێنێکی دیکە، پاش ئەوەی گەیشتوونەتە ناوچەی خەلیفان، لە رۆژی 26ی تەمموزەوە پەیوەندییان پچڕاوە".
هەپەگە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە خەڵکی ناوچەکە وەرمانگرتوون، هێزێکی پەدەکە (پارتی دیموکراتی کوردستان) ئەو گروپەیان گەمارۆداوە و هێرشیان کردوونەتە سەر، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەند هەڤاڵێکمان شەهید بوون، بەپێی زانیارییەکانی خەڵکی ناوچەکە، هێزەکانی پەدەکە لەو شوێنەدا بڵاوبوونەتەوە و رێگە بە هاتوچۆی هیچ کەسێک نادەن".
لە چەند رۆژی رابردوودا سوپاسالاری پێشمەرگە چەند جارێك باسی پێكدادانی نێوان پێشمەرگە و گەریلای كردبوو، بۆیە هەپەگە نیگەرانیی خۆی لە چارەنووسی ئەو گەریلایانە رادەگەیەنێت و دەڵێت "هیچ واتایەک لەو کردەوەیەدا نابینین، ئەم کردەوانە قبوڵناکەین، ئەم هەڵوێستە تەنیا خزمەت بە دووژمنەکانی گەلی کورد دەکات".
هەپەگە داوا لە پارتیش دەکات "لە زووتریین کاتدا و بێ ئەوەی زانیارییەکان پێچەوانە بکاتەوە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو گەریلایانە، زانیاریی متمانەپێکراو بڵاوبکاتەوە، پێش ئەوەی سنووری ئارامییان تێپەڕێت".
لە کۆتای راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا، بانگەوازیی لە گەلی کورد دەکەین، سەبارەت بەم هێرشە، کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلەکەمانی کردووەتە ئامانج، هۆشیاربن و داوا لە هەموو لایەنە سیاسییە پەیوەندییدارەکان دەکەین، لەپێناو ئەرکە نەتەوەییەکانیاندا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن".
ر. ر
ر. ر
بیروڕا



