ئابووری
پێشنیاز دەکرێت نرخی نەوت لە بودجەی 2022 بە 50 دۆلار بخەمڵێندرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، پێشنیازدەکرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2022 نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 50 دۆلار بخەمڵێنرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئابی 2021 جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی نەوت لە بودجەی 2022 بە مەودا میدیای راگەیاند، پێشنیاز دەکرێت لە بودجەی ساڵی 2022 نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 50 دۆلار بخەمڵێندرێت و ئەوەش نرخێکی گونجاوە، چونە لە ئێستادا نرخی نەوتی خاو لە بازارەکانی جیهاندا بەرزە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تا ئێستا لیژنەی دارایی لەسەر ئەو پرسە کۆنەبووەتەوە و ئەو بابەتە پەیوەستە بە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت و دەبێت ئەوان رەشنوسێک پێش 15ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و ئەنجومەنی وەزیرانیش تاوتویدەکەن و پاشان رەوانەی پەرلەمانی دەکەن.
باسی لەوەشکرد، نرخی نەوت ئێستا بەرزە، بەڵام ناتواندرێت پشت بەو نرخەی ئێستا ببەسترێت و دەکرێت گۆڕانکاری زۆر خێرا رووبدات لە نرخی نەوتدا لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆیە قورسە پێشبینی بۆ نرخی نەوت بکرێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
ر. ر