کوردستانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان 11 بڕیاری دەرکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێمی کوردستان 11 بڕیاری دەرکرد
مەودا میدیا-

لە ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی ئەنجامدرا و تێیدا یانزە بڕیار درا.  

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، رۆژی پێنجشه‌ممه‌، 12ی ئابی 2021، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە، له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌ ده‌ستپێشخه‌ری سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا.  

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کارەبا، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکاران و بۆردی پڕۆژەکان تیایدا ئاماده‌بوون، ئه‌م بڕیار و راسپاردانه‌ی خواره‌وه‌ دران:  

1- وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار راسپێردرا هەفتەی داهاتوو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک بكات لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و ناوەندی یاسایی و راوێژی ستراتیژی و بۆردی پڕۆژەکان، بە مەبەستی داڕشتن و دانانی بەرنامەیەک بۆ ستراتیژی رووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو و بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەشێوەیەکی خولی و مانگانی جارێک.  

2- تەرخانکردنی گوژمەی 1 ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار مانگانە، بۆ مانگەکانی 8-9-10 و پێدانی دەستەڵاتی خەرجکردن بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار.  

3- پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی پڕۆژەکانی ئەنجومەنی وەزیران، دیراسەیەک و راپۆرتێک ئامادە بکات لەسەر هەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی چوار و پڕۆژەی ئاوی بارزان و دڵنیابوون لە توانای کۆمپانیاکان لە جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەو پرۆژانە و دۆزینەوەی سەرچاوەی پارەدارکردن (تمویل).

4- پابەندکردنی وەزارەتی کارەبا لەماوەی دوو رۆژدا بۆ ئه‌وه‌ی دیراسەیەک ئامادە بکات بە مه‌به‌ستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوە.  

5- پابەندکردنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە سەربازی و شارستانیی، بە ئامادەکردن و دابینکردنی ئالیات و تانکەر و هەماهەنگی کردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ گەیاندن و گواستنەوەی ئاو بە ئاسانی بۆ ئەو گەڕەکانەی كێشه‌ی کەمی ئاویان هەیە.  

 6- پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بە ئامادەکردنی راپۆرتێک کە تیایدا دیراسەیەکی ورد لەسەر هێڵی گواستنەوەی ئاو و پاڵاوتنی و پێوەرەکانی ئاو و پێداویستییەکانی چاککردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو و خەزانەکانی ئاو و کۆکردنەوەی داهاتی ئاو (جیبایە) چۆن ئەنجام دەدرێت و لە چ ئاستێک دایە و ئاستەنگەکانی چین، لە ماوەی 15 رۆژ بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەرزی بکەنەوە.  

7- راسپاردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ناردنی دۆسیەی پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لەسەر شێوازی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت (PPP) بۆ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.  

8- راسپاردنی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بۆ دیراسەکردنی ئه‌وه‌ی تا چەند سوود لە بەنداوەکان وەردەگرین بۆ کارەبا.  

9- راسپاردنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران لەسەر شێلوبوون و گرتنەوەی ئاو.  

10- پابەندکردنی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان لە بەفیڕۆنەدانی ئاو و کارەبا بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشت و گوزار و کارەبا و ئەوقاف و کاروباری ئایینی و پەروەردە و خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی.  

 11- راسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، بە مەبەستی کارکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەرچوواندنی یاسای پاراستنی ئاو.  

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan