کوردستانی

هۆشداری لە گرانبوونی زیاتری نرخی مریشک دەرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆشداری لە گرانبوونی زیاتری نرخی مریشک دەرێت
مەودا میدیا-
 
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان جارێکی دیکە زەنگی داڕوخانی کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لێ دەدات و رایانگەیاند، خاوەن پرۆژەکان بەرەو مایەپوچبوون دەڕۆن، لە سەر ئەو پرسەش وەتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەوپەڕی تەوانامانەوە هاوکاریمانکردوون و درێخیمان نەکردووە.
 
ئەمڕۆ شەممە 14ی ئابی 2021 نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان رایگەیاند، کەرتی پەلەوەر لە ئێستادا بەتەواوی مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە و هیچ لایەنێک خۆی ناکات بە خاوەنی.
 
لەسەر ئەو پرسە حسێن حەمەکەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف و خۆراکی پەلەوەر لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و بەشێوەیەکی گشتیی لە بۆرسەی جیهانیدا گرانبووە، بەڵام ئێمە باجی هاوردەکردنی عەلەفمان لە 10 سەنتەوە بۆ پینج سەنت کەمکردووەتەوە، هەروەها لەکاتی پێگیشتنی مریشکدا هاوردەکردنی مریشکمان لە دەرەوە قەدەغەکردووە لە پێناو پشتیوانی کردن لە بەرهەمی ناوخۆ.
  
هاوکات سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پڕۆژەکان بەرز دەبێتەوە بەبێ ئەوەی چاودێری لەسەر کارگەکانی دروستکردنی عەلەف هەبێت، لەماوەی چەند مانگێدا نرخی یەک تۆن عەلەف لە (450) دۆلارەوە بۆ (550) دۆلار بەرزبۆتەوە، نرخی یەک جوچک لە (30) سەنتەوە بۆ (85) سەنت بەرزبۆتەوە و پێشبینی دەکرێت نرخی جوچک بگاتە یەک دۆلار کە ئەمەش نرخێکی بەرزە بۆ خاوەن پڕۆژەکان و تێچوی زۆر دەبێت.
 
نازم عەبدوڵا وتیشی، ماوەی سێ ساڵە داوا لە حکومەت دەکەن نرخی پەلەوەر دیاریبکات بۆئەوەی رێگری بکرێت لە بەرزبوەنەوەی نرخ و هەرسهێنان و داڕوخانی کەرتی پەلەوەر.
 
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری راشیگەیاند، لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ نرخی کارەبامان لەسەر کێڵگەکان کەمکردووەتەوە و داواشمان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق کردووە هاوردەی پەلەوەر لە دەرەوە قەدەغەبکەن و پشت بە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان ببەستن، جەختیشیکردەوە مەسەلەی گرانبوونی جوچکە لە دەسەڵاتی ئێمەدانییە و ئاستی تێچوەکەی لە شوێنی بەرهەمهێنانی گرانە.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، لە ئێستادا بەهۆی چەندین نەخۆشیەوە رۆژانە لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردنی پەلەوەردا بە سەدان جوچک و مریشک مردار دەبنەوە و زیانی زۆر بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت، لە ئێستادا خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان ترسیان لەوە هەیە جارێکی تر هۆڵەکانیان پڕکەنەوە لە جوچک، بەڵام بەهۆی گرانی عەلەف و جوچک ناتوانن ئەوکارە بکەن و ئەمەش وادەکات کەرتەکەمان بە تەواوی ئیفلیج ببێت.
 
لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە و گەرمیان زیاتر لە (900) پرۆژەی بەرهەمهێنانی مریشک هەیە کە زیاتر لە هەزار و (300) هۆڵی بەخێوکردنی پەلەوەر لەخۆ دەگرێت.
 
ر. ر
 

Qaiwan
Qaiwan