کوردستانی

نرخی مریشک بەرزدەبێتەوە و هۆکارەکەی دەخرێتەڕوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی مریشک بەرزدەبێتەوە و هۆکارەکەی دەخرێتەڕوو
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت خاوەن پرۆژەکان بەرەو مایەپووچبوون دەڕۆن و ئەوەش پێدەچێت نرخی مریشک زیاتر بەرزبکاتەوە، خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەریش پێی وایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاوکاربێت لە دابینکردنی عەلەف و دەرمانە بە نرخێکی هەرزانتر بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان.
  
لە راگەیەنراوێکدا کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان راگەیاند "کەرتی پەلەوەر لەئێستادا بەتەواوی مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە، هیچ لایەنێک خۆی ناکات بە خاوەنی ئەم کەرتە، پشتیوانی تەواومان ناکەن بۆ مانەوە و لەسەر پێوەستانی خۆی کە دەرفەتی کاری بۆ هەزاران خێزان رەخساندووە".
  
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەئێستادا بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پرۆژەکان بەرزدەبێتەوە بەبێ ئەوەی چاودێری لەسەر کارگەکانی دروستکردنی عەلەف هەبێت، لەماوەی چەند مانگێكدا نرخی هەر یەک تۆن عەلەف لە 450 دۆلارەوە بۆ 550 دۆلار بەرز بووەتەوە، نرخی هەر یەک جوچک لە 30 سەنتەوە بۆ 85 سەنت بەرز بووەتەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی جوچک بگاتە 1 دۆلار کە ئەمەش نرخێکی بەرزە بۆ خاوەن پرۆژەکان و تێچوwی زۆر دەبێت."  
  
ئەوەش خراوەتەڕوو " لەکاتێکدا مریشک دەچێتە بازاڕەوە کە نرخی 200 دینار زیاد دەبێت هەمولایەک نیگەرانیان دەگەیەنن پێمان و رێگری لێدەکرێت بچێتە دەرەوە، ئێمە ماوەی سێ ساڵە داوا لە حکومەت دەکەین نرخ بۆ پەلەوەر دیاری بکات و بەشێوەی سیستماتیک ئەم کەرتە لە هەرەسهێنان و داڕوخان بوەستێنێت."  
  
باس لەوەشکراوە "لەئێستادا بەهۆی چەندین نەخۆشییەوە رۆژانە لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردنی پەلەوەردا بە سەدان جوچک و مریشک مردار دەبنەوە و زیانی زۆر بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت، لەئێستادا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ترسیان لەوە هەیە جارێکی تر هۆڵەکانیان پڕکەنەوە لە جوچک بەهۆی گرانی عەلەف و جوچک ئەمەش وادەکات كەرتەکەمان بەتەواوی ئیفلیج ببێت."  
  
ئەوەش هاتووە "بەوپەڕی توانامانەوە ئەم کەرتەمان لەسەر پێ هێشتووەتەوە، نەمان هێشتووە تائێستا بکەوێت و بەردەوام دەستمان ناوە بەڕووی هەمو وەزارەت و کەسایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ هێشتنەوەی ئەم کەرتە و پشتیوانی کردنمان، بەڵام هەوڵەکانی ئەوان وەک پێویست نییە". 

بڕوا عومەر، خاوەنی کێڵگەی پەلەوەر بە مەودا میدیای راگەیاند  "لە سەرەتای مانگی تەمووزدا تەنێک عەلەف بە 450 دۆلار بووە لەئێستادا 525 دۆلارە، جیاوازی نرخی جوچک لە سەرەتای مانگی تەمووزدا بە 50 سەنت بووە ئێستا 72 سەنتە، هەروەها بۆ هەر بوتڵێک دەرمان 2 دۆلاری چووەتە سەر، ئەمەش بۆ بەشێک جیاوازی نرخ هەتاوەکو 1000 دۆلار جیاوازی دروستدەکات".

ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستاشدا نەخۆشییەکی نوێ پەیدا بووە لە تەمەنی 31 رۆژیدا دەستپێدەکات کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە، دەبێتە هۆی لە ناوچوونی پەلەوەرەکان، هەروەها کاتێک ئێمە پێداویستییەکان دەکڕین بە دۆلار دەیکڕین، بەڵام لەکاتی فرۆشتنی مریشکەکاندا بە دینار مامەڵە دەکەین ئەمەش جیاوازی لە نرخدا دروستدەکات و دەبێتە زیان بۆ خاوەن کێڵگەکان".

سەبارەت بە چارەسەری ئەم کێشانە ناوبراو وتی "رێگەی دیکە هەیە بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشانە ئەویش ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاربێت لە دابینکردنی عەلەف و دەرمانە بە نرخێکی هەرزانتر، ئەمەش وادەکات خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان نرخێکی بەرزیان لەسەر نەکەوێت بۆ کڕینی پێدوایستییەکان".
  
س.س
Qaiwan
Qaiwan