کوردستانی
وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەڵێنێک بە بەڵێندەران دەدات
مەودا میدیا - سلێمانی |

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت رایدەگەیەنێت ھەمو ھەوڵێک بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتییان و بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکان دەدەن، ئاماژە بەوەشدەکات بەداخەوە ئاستەنگێک دروست دەکرێت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناوەندی بانکی سلێمانی بۆ ئەوەی وەک و پێویست بەڵێندەران پێشینەکانی خۆیان وەرنەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئابی 2021 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ قەزای چەمچەماڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم ئەمڕۆ هاتوین بۆ سنووری قەزای چەمچەماڵ، هاتووین مژدەی ئەوە بە هاوڵاتییانی ئەم سنوورە بدەین کە فەرمانگەی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی چەمچەماڵمان کرد بە بەڕێوەبەرایەتی و لە رووی دەسەڵات و تواناکانییەوە دەچێتە قۆناغێکیی نوێوە بۆ خزمەتی هاوڵاتییانی ئەم سنوورە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لەماوەی رابردوودا توانیمان رێگەی گۆپتەپە - قەرەناو تەواو بکەین و ئەمڕۆش رێگەی تەکیە - ئاغجەلەر بەڕووی هاوڵاتییاندا دەکرێتەوە، چەند داواکارییەکی دیکەی ناحیەی ئاغجەلەر و سنوورەکەش هەیە هیوادارین لەئایندەی داهاتودا بە ئەنجامی بگەیەنین".
وتیشی "ئەوەش ناشارینەوە نیگەرانم لەوەی کە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چەند پرۆژەیەکی ستراتیژیمان هەیە وەک دووسایدی رێگەی نێوان پارێزگاکان، بەسوپاسەوە بۆ ئەو بەڵێندەرانەی پرۆژەکان کە دوای ئەوەی رامانسپاردن بەردەوام بوون لە کارکردن و لە هەفتەی رابردووشدا بەشێک لەو پرۆژانەمان بەسەرکردەوە، بەڵام بەداخەوە ئاستەنگێک دروست دەکرێت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناوەندی بانکی سلێمانی بۆ ئەوەی وەک پێویست بەڵێندەران پێشینەکانی خۆیانیان وەرنەگرن، لەکاتێکدا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایشیان هەیە کە بە سوپاسەوە وەزیری دارایی زۆر هاوکاری کردوون".
باسی لەوەشکرد "من لێرەوە داواکارم بەزووترین کات ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن و بەڵێندەران پێشینەکانیان وەربگرن بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان، بۆیە ئەم پەیامەم بە ئێوەش گەیاند، چونکە چیتر ئەمە مایەی قبوڵ نییە و پێویستە بەڵێندەران پێشینەکانیان وەربگرن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان بەباشترین شێوە، چونکە ئێمە پلانمان وەها داناوە کە لە کۆتایی ساڵی داهاتو رێگە دووسایدییەکانی نێوان پارێزگاکان تەواو بکەین".
س.س
س.س
بیروڕا



