کوردستانی
پڕۆژەیەكی كارەبا لە سلێمانی بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە سلێمانی پڕۆژەیەكی كارەبا بە تێچوونی نزیكەی سێ ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، وتەبێژی کارەبای سلێمانیش دەڵێت، هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر زیادکردنی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای شارەکە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "پڕۆژەی كڕین و دانانی دوو محاویلەی پاوەر KV 132/33/11 و MVA 40/50/63، لە هەردوو وێستگەی رزگاری و قولەرەیسی بە بڕی دوو ملیار و 73 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت، وێستگە كۆنەكانیشیان بۆ وێستگەی باشوور گواستراونەتەوە".
سیراوان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانیش دەڵێت، دابینکردنی ئەو دوو محاویلەیە هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر زیادکردنی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، تەنها لۆدی سەر فیدەرەکانی ئەو دوو وێستگەیە کەم دەکاتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتر ئەو دوو وێستگەیە یەکی محاویلەیەکیان لە کار کەوتووە و دوو ماحاویلەمان لە شوێنی دیکەوە بۆ دبینکرد تا ئەو کاتەی محاویلەی نوێیان بۆ دەهێندرێت، ئێستا بەدابینکردنی ئەو دوو محاویلەیە محویلە کۆنەکان دەگەڕێنرێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
هاوکات لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی کارەبادا باس لەوەش كراوە، پڕۆژەكە لەسەر داهاتی لە 8%ی كارەبای بەڕێوبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی و لەلایەن كۆمپانیای شاندزەوە لە ماوەی 270 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
ر. ر
بیروڕا



