کوردستانی
ئیحسان شێخ عەلی: لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایمان لە تاڵیبان کرد
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
ئیحسان شێخ عەلی، سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایم لە (ذبیح الله مجاهد) سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی تاڵیبان کرد بەبۆنەی سەرکەوتن و رزگارکردنی ئەفغانستان.
لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئیحسان شێخ عەلی، سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی ئیسلامی و کوڕی رابەری پێشووی بزوتنەوەی ئیسلامی نوسیویەتی "ئەمڕۆ ئێوارە بەرواری 15ی ئابی 2021 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەم کرد لەگەڵ "رێزدار" ذبیح الله مجاهد، سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی تاڵیبان و پیرۆزبای سەرکەوتن و رزگارکردنی ئەفغانستانمان لێکردن و دڵخۆشی و پەرۆشی برایان و خوشکان و سەرکردایەتی بزوتنەوەکەمان پێگەیاند دوعا و نزای خێرمان بۆکردن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا "رێزدار" ذبیح الله مجاهد زۆر سوپاسی ئەم پەیوەندییە و پەرۆشییەی لێکردین و دوعا و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆکردین و لە پەیوەندییەکەدا فەرمووی چەند سەرکردەیەک لەتەنیشتمەوەن رێز و خۆشەویستی زۆریان بۆ مسوڵمانانی کوردستان و تەواوی سەرکردە و ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامی هەیە".
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە بزوتنەوەی تاڵیبان گەمارۆی کابولی پایتەخی ئەفغانستانیاندا و سەرجەم دەروازەکانی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد و ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەفغانستانی بەرەو تاجیکستان بەجێهێشت.
ر. ر
بیروڕا



