کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: بە ئاراستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حزبی و پاراستنی یەکێتییەکەی مام هەنگاومان ناوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: بە ئاراستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حزبی و پاراستنی یەکێتییەکەی مام هەنگاومان ناوە
مەودا میدیا-
 
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان جەخت لەبەردەوامى هەنگاوەکانى ئێستاى دەکاتەوە بۆ راستکردنەوەى رێڕەوى حزبى و دەشڵێت، لەمەودوا درێژە بەو سیاسەتە نیشتمانییە دەدەن کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات.  
  
   بافڵ تاڵەبانى، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئابی 2021 لەمیانەى پێشوازیکردنی لە عادل عەبدولمەھدی, سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق لە دەباشان سەبارەت بە چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی یەکێتیی رایگەیاند "یەکێتی بەئاڕاستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی و پاراستنی یەکێتییەکەی مام چەند ھەنگاوێکی ناوە و بۆ لەمەودوا درێژە بەو سیاسەتە نیشتمانییە دەدەین کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات نەوەک مەرام و ئامانجێکی دیاریکراو".
  
بافڵ تاڵەبانى دڵنیایشیدا یەکێتی لە ئاست بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەبێت و  دەیانەوێت لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنەکان هاوکار و پشتیوان بن بۆ بونیادنانی وڵاتێکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر بۆ هاوڵاتییانمان.
  
هاوکات بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی ھەمەلایەنە دەربارەی پرس و پێشھاتە سیاسییەکانی عیراق و ھەرێم و ھەڵبژاردنەکان کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە و دەستوور بکرێتە پێوەری چارەسەرکردنی کێشەکان و هەموولایەک لەپێناو ئارامی و سەقامگیری هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.  
  
هەروەها لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراقەوە ھەردوولا ھاوڕابوون لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کە رەنگدانەوەی خواستی ھەموولایەنەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.  
 
ر. ر
 

Qaiwan
Qaiwan