کوردستانی

سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەبارەی دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا ئەنجام دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەبارەی دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا ئەنجام دەدرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بڕیارە سبەینێ لیژنەی  وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی کۆبێتەوە لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییاندا گفتوگۆ بکات.

جیهاد حسێن، ئەندامی لیژنەی وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیارە سبەینێ سێشەممە 17ی ئابی 2021 لیژنەی وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی کۆبێتەوە لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییاندا گفتوگۆ بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی زستانی ئەمساڵ سەخت دەبێت، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هاتنی وەرزی زستان نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکات، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان پەنا نەبەنە بەر بڕێنی دار و زیان بە سروشت نەگەیەنن".

ئەو ئەندامی لیژنەی وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی وتی "لە کۆبوونەوەیەکەی سبەینێدا چەند پێشنیازێک دەخمەڕوو تایبەت بەو پرسە یەکێک لە پێشنیازەکانم کەمکردنەوەی نرخی دابەشکردنی نەوتە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو".

ناوبراو وتیشی "کۆبوونەوەکەی سبەینێ تەنها لیژنەکەی خۆمانە و هیچ وەزیرێک و لایەنێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە نابێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan