کوردستانی

مەترسییەکی گەورەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون ئاشکرا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەترسییەکی گەورەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون ئاشکرا دەکرێت
مەودا میدیا-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان توێژینەوەیەک ئەنجام داوە لەسەر گرفتی ئاو وەک گەورەترین مەترسی لەسەر دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان، ئەنجامەکەی لە چەند خاڵێکدا خستووەتەڕوو.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە "لەگەڵ چەند شارەزایەک سەرقاڵی توێژینەوەین لەسەر (گرفتی ئاو وەک گەورەترین مەترسی لەسەر دانیشتوانی ھەرێم) لەبەشێکدا باسی مەترسی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر بیرمان کردووە، کە چۆن کاریگەری لەسەر ئاوی ژێر زەوی ھەولێر دروستکردووە لەو نێوەندەش پرۆژەکانی نیشەجێبوونی وەبەرھێنانی سەنتەری ئەم مەترسییە گەورەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە "چەند ساڵێکە پرۆژەی تاوەرەکانی نیشتەجێبون و ڤێلاکان، بەخێرایەکی زۆر زیادی کردووە، ھەندێک پێیوایە سیمایەکی جوانی بە ھەولێر بەخشیووە، بەبێ وردبوونەوە چ کارەساتێک لە ژێرەوە بەڕێوەیە، 142 پرۆژەی وەبەرھێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە و دەیان پرۆژەی دیکەش بەڕێوەن، ئەم پرۆژانە گرفتی ئاویان نیە، بەشێکی زۆریان ئاوی بەردەوامیان ھەیە، بەڵام دابینکردنی ئەم ئاوە کارەساتێکی لە پشتە، ئاوی ژێر زەوی موڵکی گشتیە، ئایا دەکرێت ھەرکەسێک چەند بیری ویست و بەھەر قوڵیەک، بیر لێبدات؟ بێگومان نەخێر".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "خاوەنی ئەم پرۆژانە سەرقاڵی فرۆشتنی ئاوی ژێر زەوین، لە ژێر چەتری پارەی خزمەتگوزاری پارەی ئاو لە بەشداربووان وەردەگرن و ھیچ بڕە پارەیەک نادەن بە حکومەت، ھەموو ماڵێک لە گەڕەکەکاندا ناچار دەکرێت پێوەری ئاو ببەستێت، بەڵام لە نێو ئەم پرۆژانەدا پێوەری ئاویان نییە، تاوەکو ئێستا ئاوی پرۆژەکان رادەستی دامەزراوەکانی حکومەت نەکراوەو وەبەرھێنەر بۆخۆی بەڕێوەی دەبات و داھات بۆ خۆیەتی و خۆی بیر لێدەدات بەو قوڵیەی دەیەوێت".

عەلی حەمە ساڵح نووسیویەتی "بەشێک لە پرۆژەکانیش لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی بە نیازی ڕوباری دەستکردو گەورەترین (نافورەن لە عیراق)، لەتەنیشت وشکە ساڵی، ئەم بیرانە ھۆکارێکی سەرەکیە بۆ وشکبونی سەدان بیرو کەمبونی ئاوی ژێر زەوی، بەجۆرێک قوڵایی بیر لە سنوری ھەولێر گەشتوەتە نزیکەی 600 مەتر".

باسی لەوەشکردووە "ئەگەر سیستمی دابینکردنی ئاو و پرۆسەی دابەشکردنی بەمشێوە بەردەوام بێت، گرفتی ئاو دەبێتە گەورەترین گرفت لە ھەرێمی کوردستان، لەبری پشتبەستن بە بیری ئاو، پێویستە سود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت لە ڕێگای بەنداوەکانەوە، پێویستە پرۆژەکانی نیشتەجێبون بە تۆڕی گشتی ئاوەوە ببەسترێنەوەو ھەمان سیستمی گشتیان بەسەردا جێبەجێبکرێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan