کوردستانی

کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت قەرەبووی هاوڵاتییان دەکەنەوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت قەرەبووی هاوڵاتییان دەکەنەوە؟
مەودا میدیا-

دەنگۆی قەرەبووکردنەوەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە لایەن کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بۆ ئەو ماوەیەی کە تاقیکردنەوە گشتییەکانی تێدا ئەنجامدراوە رەتدەکرێتەوە. 

چەند رۆژێک دەنگۆی ئەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە کۆماپانیاکانی ئینتەرنێت قەرەبووی بەکارهێنەرانی تۆڕەکانیان دەکەنەوە لە بەرانبەر ئەو رۆژانەی کە تاقیکردنەوە گشتییەکانی تێدا ئەنجامدراوە کە ماوەی سێ کاتژمێر ئینتەرنێت راگیراوە، سەبارەت بەو پرسەش دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەودا میدیای راگەیاند، تاکو ئێستا هیچ جۆرە بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە کە کۆمپانیاکان ناچاربکات قەرەبووی ئەو کاتە بۆ هاوڵاتییان بکەنەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، راگیرانی ئینتەرنێت لەو چەند کاتژمێرەی رۆژانی تاقیکردنەوەکان بڕیارێک بووە کە پەیوەستە بە بەرژەوەندی گشتییەوە بۆیە لەو بڕوایەدانیم هیچ قەرەبوویەک هەبێت.

سەبارەت بە دابەزاندنی نرخی هێڵەکانی ئینتەرنێت و بەرزکردنەوەی کولێتییەکەی وتی، هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ ئەوەی کۆمپانییاکان نرخ دابەزێنن، هەرچەندە لە ماوەی ساڵی رابردوودا چەند کۆمپانیایەک دەستپێشخەریانکرد بۆ ئەو مەبەستە.

ئەوە لە کاتێکدایە، بە بڕیارێکی هاوبەشی وەزارەتی پەروەردە و گواستنەوە و گەیاندن هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە گشتییەکان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر ئینتەرنێت لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان رادەگیرا بۆ رێگری کردن لە غەش(قۆپیە)کردن.

ر. ر   
Qaiwan
Qaiwan