کوردستانی

قایمقامییەتی هەولێر سکاڵا لەسەر هاوڵاتییەک تۆماردەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


قایمقامییەتی هەولێر سکاڵا لەسەر هاوڵاتییەک تۆماردەکات
مەودا میدیا-

قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، بەتۆمەتی تاشیرکردن و قسەی بێ بنەما سکاڵا لەسەر هاوڵاتییەک تۆماردەکەن کە باسی لە کەمئاوی کردبوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی ئابی 2021 قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هاوڵاتییەک کە لەچاوپێکەوتنێکدا باسی لە کەمئاوی کردبوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەهەوڵی پارێزگاری ھەولێر و سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کۆلان بە کۆلان و ماڵ بە ماڵی ئەو گەڕەکانەی ئاوی خواردنەوەیان پێویستبووە بۆیان دابینکراوە، لەلایەکی تریشەوە لەسەر راسپاردەی پارێزگاری ھەولێر، ئاگاداری سەرجەم ھاوڵاتییانی ئەو شارە کراوەتەوە، ھەرماڵێک پێویستی بەتانکەری ئاو بوو لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنەکانی سەرجەم شارەوانییەکان دەتوانن راستەوخۆ پەیوەندی بکەن و داوای تانکەری ئاوی خواردنەوە بکەن بەبەردەوامی".

ئەوەشی خستووتەڕوو "ئەو ھاوڵاتییە باس لە دانانی عارەبانە و کاروکەسابەتی دەکات لەناو بازاڕی شاری ھەولێر، بە ووتەی ئەو گوایە لەلایەن قایمقامییەتەوە رێگری لێکراوە، دانان و لادانی عارەبانە و زێدەڕۆیی کاری تیمەکانی شارەوانی و پۆلیسی شارەوانییە نەوەک قایمقامییەت و ووتەکانی ئەو ھاوڵاتییە ھیچ بنەمایەکی نییە، رۆژێک لە رۆژان سەردانی قایمقامی ھەولێری نەکردووە، یاخوود داوای لە قایمقام کردبێت و بەم شێوەیەی ئەو باسی دەکات وەڵامی درابێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "لە بەرانبەر ئەو تاشیرکردن و ئەو قسە بێ بنەمایانەی ئەو هاوڵاتییە ناچارن رێکاری یاسایی بگرنەبەر و سکاڵای لەسەر تۆماربکەن".

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan