کوردستانی

مەسرور بارزانی پۆستێکی نوێ دەداتە رێبوار تاڵەبانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانی پۆستێکی نوێ دەداتە رێبوار تاڵەبانی
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆردێک بۆ کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پۆستێکی نوێ دەداتە رێبوار تاڵەبانی.

رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مادەی 140 بە مەودا میدیای راگەیاند "بۆردەکە زیاتر گرنگیدانی حکومەتی هەرێمە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆ ئامادەکردنی دیکۆمێنتی ئەو رووداوانەی کە پێشتر لەو ناوچانە روویانداوە، هەروەها ئامادەکردنی پێشنیاز بۆ داهاتوو".

سەبارەت بەو کەسانەی لە بۆردەدا هەن ئاماژەی بەوەشکرد "لەئێستادا تەنها دوو کەسین کە دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەو بۆردە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان".

راوێژکاری سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە دۆخی ئەو ناوچانە کرد وتی  "بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە خراپە، ئەمەش وایکردووە چەکدارانی رێکخراویی تیرۆرستی داعش گورزی خۆی بوەشێنێت، ئەمەش وایکردووە دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دروستببێت".

وتیشی "زەرەرمەندی یەکەم دوای 16ی ئۆکتۆبەر هاوڵاتییانی کوردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و پێویستە بارودۆخەکە بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر بگەڕێتەوە".

لەلایەکی دیکەشەوە رێبوار تاڵەبانی سەبارەت بە پارتی بوونی و وەرگرتنی پۆستی راوێژکاری سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاندووە "پارتی بوون عەیب نییە، بەڵام نەبوومەتە پارتی و بێ لایەنم و سەر بە هیچ حزبێک نیم".

س.س
Qaiwan
Qaiwan