سالار مەحمود

سالار مەحمود

کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئۆتۆنۆمی

هەوڵ هەیە سیستمی سیاسی عیراق، لە پەرلەمانییەوە بگۆڕدرێت بۆ سەرۆکایەتی. ئەمەش پێشهاتی نوێ و تەڵەزگەی تر لەنێوان کورد و حکومەتی بەغدا دروست دەکات و ئاماژەیەکی مەترسیدارە.

بەشێک لە شیعەکان پێیانوایە، زۆرینەی پەرلەمانیی کاریگەریی لەسەر پێگەی شیعە لە عیراق بەرجەستە نەکردووە و ناکات. بۆیە گۆڕینی سیستم بۆ کۆماریی و دەرکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەبندەستی کورد پێگەیان زیاتر دەچەسپێنێ.

گەڕانەوەی مەرکەزیەت ئاماژەی مەترسیداری گەڕانەوەن بۆ تاکڕەویی، گەرەکە کورد لەم پرسەدا هەم بەئاگا بێت و هەم داکۆکی بکات لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بە یەکگرتوویی.

بەغدا هێشتا قوڵایی گرنگی هەیە، گەر فراوانتر بڕوانرێت دەزانین کوردستان هێشتا مەترسی دەرەکی و ناوەکی لەسەرە.
هیوادارم بە کاردانەوە سەیری ئەم بابەتە نەکرێت. واقعی بین و لە لاوازیی هەرێم و نەبوونی یەکگرتووییەوە سەیری دیمەنە سیاسییەکە بکرێت. ئەگەر ئەم پێگەیە لەدەست بدرێت بە زیانی گەورەتر بۆ پێگەی کورد و کوردستان لە عیراق دەگەڕێتەوە.

هەرچەندە بوونی پۆست ئەگەر بۆ خزمەت و بەتایبەتیش وەک خەڵکی کورد بۆ ساڕێژی برینەکان و قەرەبووی زیانەکان و قوربانیەکان نەبێ، گرنگییەکی ئەوتۆی نییە.

لە هەموو حاڵەتێکدا شەڕی ئێمە لە بەغدایە و شەڕی دەستووریی کورد بەرانبەر بە سنووربەزاندنی وڵاتانیش لە بەغداوەیە. رووداوەکانی ئەم قۆناغەش دەریخست بەغدا گرنگە بۆ ململانێی دەستووریی و پارێزگاری لەو دەستکەوتانەی بەدەستەوە ماون.

بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە عەرەبی و تورکمانەکان بە یەکگرتوویی دژی کوردە، با کورد بانگەشە بۆ یەکگرتوویی خۆی بکات و دژی خۆی نەبێت. ئەو کاتە زامنی پاراستنی بەشێک لە دەستکەوتەکان دەکات. 

سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستوورە، کوردستان ئەوەی هەیەتی بیپارێزێ دەقە دەستوورییەکانە کە بە رەعیلی یەکەمی سیاسییەکانی کورد چەسپێنرا.

ئەگینا کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ حوکمی زاتی!
تێگەیشتنی تەواوم بۆ توڕەیی خەڵکی خۆمان هەیە، لە بێهیواکردنیاندا دەڵێن چی دەبێ با ببێ، بەڵام ئەو توڕەییەی ئەوان لەو خوێنساردی و نابەرپرسیارێتییەی زۆرینەی لایەن و دەسەڵاتدارانی کوردستان کاردانەوەی پەرۆشانەترە، بەڵام نیشتمان و خەڵکەکەی لە هەموو کەس و لایەک گرنگترە و ئێمە دەبێ بۆ پارێزگاریکردن ئەوە لەبەرچاوبگرین و هۆشدارییەکە لەو سۆنگەوەیە.

بەکوردی و کورتی گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عیراق بە گۆڕینی دەستوور بێ یان بەبێ هەموواری دەستوور، لەسەر حسابی خاک و خەڵکی کوردستان دەبێت.
تکایە ئاگادار بن.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan