سالار مەحمود

سالار مەحمود

نوگرە سەلمان

مەترسیدارترین زیندانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
یەکێک لە زیندانە بەناو باگەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیهانیش، زیندانی نوگرە سەلمانە. دەکەوێتە خوارووی عیراق پارێزگای سەماوە نزیک لە قەزای سەلمان، نزیک لە سنوری وڵاتی سعودیە. ناوچەیەکی سەحراو بەدەوی نشینە.

سجنی ( نقرە سلمان) مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی  داگیرکاری ئینگلیز لە عیراق. لەلایەن سوپای ئینگلیزەوە دروستکراوە، لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوو.

ئەم زیندانە یادەوەری تاڵی لەلای هەموو ئەو هێزو کەسایەتیانە هەیە کە ئۆپۆزسیۆنی رژێمی سەدام حسێن بوون، بە تایبەتی لە قۆناغی یەکەمدا ئەوانەی سەربە حزبی شیوعی عیراقی و حزبی دەعوەی ئیسلامی بوون.

ئەندامانی ئەم حزبانە زیندانی دەکران و نەفی دەکران و دوور دەخرانەوە بۆ سجنی نوگرە سەلمان.
لە قۆناغی دوومداو بەتایبەتی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا خەڵکە ئەنفالکراوەکانی کوردستان بران بۆ جنوبی عیراق و پێش زیندەبەچاڵکردنیان لە ناو زیندانی نوگرە سەلماندا دادەنران وەک دوا قۆناغی ژیان و ئامادەکردنیان بۆ کۆمەڵکوژی.

ئەم زیندانە لە ئێستادا چۆڵەو بۆ هیچ شتێک لەلایەن حکومەتی نوێی عیراقەوە بەکار ناهێنرێت.
لەسەر دیوارو راڕەوەکانی و هۆڵەکانی نوسین و وێنەی هەڵکۆڵراوو هێمای زیندانیەکان ماون. وەک پێویست ئەرشیف و بەبەڵگە نەکراون.

چەندین شاعیرو کەسایەتی خراونەتە ئەم زیندانە لەسەردەمی خۆیدا لەوانە ( موزەفەر نەواب و محەمەد جەمیل رۆژبەیانی و خالد شەتری و ئەبو سەرحان و عوریان سەید خەڵەف و هی تر).

رۆژی ۲٠۱۹/۷/۳٠ بە یاوەری نزیکەی بیست کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوان چوینە قەڵای نوگرە سەلمان. چەند کەسێک لە یاوەرەکانم خۆیان شاهیدحاڵی رووداوەکانی ناو زیندانەکە بوون. 

وەک ئاماژەم پێدا ئەم قەڵایە دوای قەڵای قۆرەتوو قەڵای دوبزو تۆپزارا دوایین قەڵای راگواستنی ئەنفالکراوەکان بووە. بەهەزاران پیرو جوان مناڵ و ژن لەبرسانا لە تینوانا لەئەنجامی ئەشکەنجەدا مردون. دەوروبەری قەڵاکە پڕە لە گۆڕی تاک تاکەی ئەنفاکراوان.
(دۆزینەوەی گۆڕێکی نوێ بە چاوساغی شوانێکی عرەب و لەلایەن کەسوکاری ئەنفالکراوەکانەوە)
لەنزیک قەڵاکە شوانێکمان بینی پرسیارمان لێ کرد لەبارەی گۆڕو ئێسک و پروسک و ئەنفالەوە. وتی ئەم ناوە چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵی تێدایە.. وتی وەرن بتانبەمە سەر گۆڕی بەکۆمەڵ بردینی بۆ جێیەک یەک کیلۆمەتر لەقەڵاکەوە دور بوو شوێنەکە کەوتبوە باوری رۆژهەڵاتی سجنەکەوە. هەر بەدەست خۆڵی هەڵدایەوەو کەلە سەرو ئێسک و پروسک بەدەرکەوت. ئەمە نیشانەیە بۆ بوونی هەزاران تەرم و لاشەی تری گۆڕ غەریب.

ئەوانەی ساڵی هەشتاوهەشت لەم قەڵایەبوون چیرۆکەکانی خۆیان بۆ گێڕاینەوە. ئەمانە شاهید حاڵی مردنی بەهێواشی سەدان کەس بوون.

چیرۆکی سەگە رەشەکە کەم کەس هەیە نەیبیستبێ، کاتێ مناڵ لەناو ئەو قەڵایەدا لەباوەشی دایکیدا سارد دەبوەوەو دەمرد، لەو دیو تەلبەنەکەوە دەخرایە ژێر لم و  دەمەو ئێوارە لاشەی مناڵ بەدەمی سەگە رەشەوە دەبینرا.

لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەعس قەڵا سەربازییەکانی وەک سجنی گەورە بۆ ئەو خەڵکە زۆرە وەک زیندان بەکار دەهێنا. دواین وێستگەی پێش کۆمەڵکوژیی زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان بووە. قەڵای نوگرە سەلمان مەترسیدارترین زیندانی ژیان کۆتایی هەزاران مرۆڤی سڤیلە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan