کوردستانی

یەک کۆمپانیا بەنزین دابین دەکات لە سلێمانی لیتری بە 730 دینارە و لە هەولێر 660 دینارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەک کۆمپانیا بەنزین دابین دەکات لە سلێمانی لیتری بە 730 دینارە و لە هەولێر 660 دینارە
مەودا میدیا-

سەرۆکى لیژنەى وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، بڕێک بەنزین لە لایەن کۆمپانیای کارەوە بۆ هەریەکە لە شاری سلێمانی و هەولێر دابیندەکرێت، بەڵام بۆ هەولێر بە نرخێکە و بۆ سلێمانی بە نرخێکی دیکە، ئەوەش پەیوەندى بە کرێی گواستنەوەوە نییە.  

ئەمڕۆ چوارشممە  25ی ئابی 2021 عەلى حەمەساڵح، سەرۆکى لیژنەى وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانى کوردستان سەبارەت بە جیاوازی نرخی ئەو بەنزینەی لە لایەن کۆمپانیای کارەوە بۆ هەریەکە لە شاری سلێمانی و هەولێر دابیندەکرێت بە مەودا میدیای رایگەیاند "ئەو بەنزینەی لە لایەن کۆمپانیای کارەوە دێتە سلێمانی هەرلیترێک بە 730 دینار دەدرێتە هاوڵاتییان، بەڵام لە هەولێر بە 660 دینارە ، وتیشی ئەم جیاوازییە لە نرخدا پەیوەندی بە کرێی گواستنەوەوە نییە چونکە کرێی گواستنەوە تەنها 15 دینارە، بەدواداچوونمان دەستپێکردووە بۆ زانینی ئەو جیاوەزییە لە نرخدا".

ئاماژەی بەوەشکرد "رۆژانە نزیکە 218 ھەزار لیتر لە پاڵاوگەی کارەوە دێتە پارێزگای سلێمانی و ئەم بڕە تەنیا 10%پێداویستی سلێمانییە، تەنیا لە سەنتەری پارێزگادا دابەشدەکرێت، بەپێی پشکنینی ئەمڕۆ ئۆکتانی 90بووە".  

دوینێ سێشەممە بڕیک بەنزین لە لایەن کۆمپانیای کارەوە شەش بۆ بەنزینخانەی شاری سلێمانی دابینکرا، کە هەرلیترێکی بە 730 دینار دەدرا بە هاوڵاتییان.

ر. ر
  

Qaiwan
Qaiwan