کوردستانی

دەروازەیەکی نێودەوڵەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەروازەیەکی نێودەوڵەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
مەودا میدیا-

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت دەروازی سازان لە پارێزگای هەڵەبجە بە فەرمی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە بە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی ناسێندرا.

غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیەتی "پاش هەوڵ و ماندووبونێی زۆری چەند مانگە لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکانی عیراق، بە تایبەت قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق  کە لەگەڵمان زۆر ماندوو بوو وە بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر بۆ هەڵەبجە، ئێستا ئیتر پارێزگای هەڵەبجە ی شەهید بووە خاوەنی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی توانیمان رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەدەست بهێنین بۆ بە فەرمی ناساندنی دەروازەی سازان".

ئاماژەی بەوەشکردووە "هەفتەی رابردوو نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق بە نووسراوی فەرمی ئاگاداریکردین کە سەرۆک وەزیرانی عیراق رەزامەندی داوە کە دەروازەی سازان بکرێتە فەرمی و بەفەرمی رێکارەکانی دەستیپێکردووە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "بۆ تەواوکردنی رێگای سازان هەڵەبجە کە چەندین ساڵە حکومەتی هەرێم فەرامۆشی کردووە، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بودجەی بۆ دابینکراوە و بەرێز مامۆستا ئەحمەدی حاجی رەشید کاری لەسەر دەکات".

باسی لەوەشکردووە "بۆیە لێرەوە هیوادارین حکومەتی هەرێم چیتر نەبێتە رێگر لەبەردەم کارەکانی ئەم پرۆژە گرنگە و هەڵەبجە لەو پەڕاوێز خستنە دەرباز بکەن، هەرکەسیش رێگری یان سستی لەم پرۆژەیە بکات ئەوە خیانەتە لە هەڵەبجە و خەڵکی کوردستان بە گشتی و پێویستە سزای توند بدرێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan