کوردستانی

بۆ لەمەودوا ئەگەر لە خواردنگەیەک بای 100 هەزار نانت خوارد دەبێت 10 هەزار باجیش بدەیت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆ لەمەودوا ئەگەر لە خواردنگەیەک بای 100 هەزار نانت خوارد دەبێت 10 هەزار باجیش بدەیت
مەودا  میدیا-

بەرپرسی كۆمەڵەی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان باج لە رێستۆرانت و هۆتێلەكان وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش راستەوخۆ لەو گەشتیارانە وەردەگیرێت كە سەردانی رێستۆرانت و هۆتێلە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەكان دەكەن.

مەحمود تۆفیق، بەرپرسی كۆمەڵەی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند، لە ئێستادا هەر گەشتیار و هاوڵاتییەك سەردانی رێستۆرانتی چوار و پێنج ئەستێرە بكات، راستەوخۆ لەگەڵ نانخواردنەكە 10%ی باجی لێ وەردەگیرێت، ئەگەر بەهای نانخواردنەكە  100 هەزار دینار بێت، 10 هەزار دیناری باجەكەشی لێ وەردەگرن كە بۆ حكومەتە، هۆتێلە چوار و پێنج ئەستێرەكانیش ئەگەر كەسێك شەوێك بە 100 دۆلار بمێنێتەوە، 10 دۆلاری لێ وەردەگیرێت وەك باج بۆ حكوومەت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سیستمەی كە دانراوە بۆ وەرگرتنی باج لە رێستۆرانتە چوار و پێنج ئەستێرەكان، پارەكە راستەوخۆ لەو كەسە وەردەگیرێت كە لەو رێستۆرانتانە نان دەخوات و بڕەكەشی 10% دیاری كراوە.

روونیشیکردەوە، ئەو پارەیە بەو شێوەیە دەدرێت بە حكومەت، كاتێك خاوەن رێستۆرانتێك حیساباتی مانگانەی خۆی دەكات، بۆ نمونە ئەو رێستۆرانتە لە یەك مانگدا پێنج ملیۆن دینار قازانجی بووە، جگە لە خەرجی، لەو بڕە پارەیەی كە بۆی ماوەتەوە، باج و چاودێری دارایی لە 10%ی ئەو پارەیە وەردەگرن، چونكە باج مانگانە دەگەڕێت بەسەر شوێنەكان.

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan