کوردستانی

نرخی بەنزین دادەبەزێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی بەنزین دادەبەزێت
مەودا میدیا-

وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریداوە بە ناردنی یەک ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزین بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە نرخی 650 دینار، پارێزگاری سلێمانیش سوپاسی هەموو هەوڵەکان دەکات.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق کە ئەمڕۆ شەممە 28ی ئابی 2021 دەرچووە، تیایدا رەزامەندی دراوە بە ناردنی یەک ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزین بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە نرخی 650 دینار، ئەوەش لەو بەنزینەی کە کۆمپانیای کار بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێوێت.   

وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەو بڕە هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی 360 هەزار لیتریان بەردەکەوێت، 216 هەزار لیتر بۆ پارێزگای دهۆک و 144 هەزار لیتریش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت. 

لای خۆشییەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی نووسراوەکەی بڵاوکردووەتەوە و  نووسیویەتی "سوپاس بۆ هەموو هەوڵەکان، بە ئومێدی ئەوەی ئەم بڕە هەنگاوی یەکەم بێت و متمانەیەک دروستبکات کە نرخەکەی کەمترو بڕەکەی بە کوالێتییەکی پارێزراوەوە زیاتر بێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan