کوردستانی

"لە سیستمێکی پیاو سالاریدا هەمیشە ژمارەی کاندیدانی پیاوان زیاتر دەبن لە ژنان"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"لە سیستمێکی پیاو سالاریدا هەمیشە ژمارەی کاندیدانی پیاوان زیاتر دەبن لە ژنان"
مەودا میدیا-

چالاکوانێکی بواری ژنان سەبارەت بە کەمی ژمارەی کاندیدانی ئافرەت لە هەڵبژاردنەکان بە گشتی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت،  کۆمەڵێک بەربەست لە بەردەم ئافرەتدا هەن کە وادەکەن لە بەشداریی سیاسیدا لاواز بن، یەکێکیان ئەوەیە حزب هەمان ئەو رۆڵە ناداتە ئافرەت کە بە پیاوی داوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمە پیاو سالارییەی لە وڵاتانی رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عیراق و هەرێمی کوردستان پیادە دەکرێت.

بڕیارە لە 10ی مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق بەڕێوە بچێت و بۆ ئەو مەبەسەتەش حزبەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان کاندیدی خۆیان دیاریکردووە بۆ ئەوەی بچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەڵام وەک هەمیشە ژمارەی کاندیدی ئافرەت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمترە بە بەراورد بە کاندیدی پیاو بۆ پڕۆسەکە بەهار مونزیر، چالکوانی بواری ژنان لەوبارەیەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا لە هەر وڵاتێک بە پێوەری راستەقینەی چەندێتیی دیموکراسیبوونی سیستمێکی سیاسی دادەنرێت، وڵاتە دیموکراسییەکان هەوڵ دەدەن ستراتیژێکی تایبەتیان بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرسە هەبێت، بەڵام بە داخەوە لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی زاڵبوونی ئەو سیستمە پیاوسالارییەی کە هەیە ژنان ناتوانن هەمان رۆڵی کارای پیاوان ببینن لە سیستەمی سیاسییدا و زۆرجار کورسییە کۆتاکان بۆ خانمان دادەنرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "لە هەرێمی کوردستان و عیراقیش هەمیشە بانگەشەی دیموکراسی و مافەکانی ئافرەتان دەکرێت، بەڵام تا ئێستا بە کردار ئیشی لەسەر نەکراوە چونکە ئەو زەمینەیەی بۆ پیاوان دەرەخسێندرێت بۆ بەشداری سیاسی و بەشداری لە جومگەکانی حکومرانیدا هیچ کات بۆ ژنان نەرەخساوە، ئەمە جگە لەوەی چەندین بەربەستی دیکەی کۆمەڵایەتی و رۆتیناتی ژیانی رۆژانە رێگرن لەوەی ئافرەتانیش بە هەمان رێژەی پیاوان بەشداربن لە کۆی سیستمی سیاسیی وڵاتدا".

بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە 83 بازنەی دەنگدان داندراوە بۆ 18 پارێزگاکەی عیراق هەرپارێزگایەکیش بە پێی ژمارەی دانیشتوانەکەی بازنەکانی دیاریکراوە و لە هەر بازنەیەکیش یەک کورسی کۆت بۆ ژنان داندراوە، 109حزب بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنەکان جگە لە کاندیدە سەربەخۆ و بێ لایەنەکان، کۆی ژمارەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی عیراق بریتییە لە 3249 کاندید و لەوژمارەیەش 2298 کاندیدیان پیاون و 951 کاندیدیشیان ژنن.

ر. ر




Qaiwan
Qaiwan