کوردستانی

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو
مەودا میدیا-

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025 ) پەسەند کرد و جەختى لە جێبەجێکرنى بڕیارى تایبەت بە سیمکارتى بێ سەرەتا کردەوە.  
  
بەپێی راگەیەنراوێکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە لە دوای کۆبوونەوەی ئەسایی خۆی و وێنەیەکی دەست مەودا میدیا کەوتووە و تێیدا هاتووە، لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و  وەزیرە پەیوەندیدارەکان ، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە زوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.  
  
دەقى راگەیەنراوەکە:  

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021  بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا.   
  
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتیەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبەرکێیی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان.   
  
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن .   
پاشان لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و  وەزیرە پەیوەندیدارەکان ، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە زوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.  
  
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر رەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025 ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو ، لە کۆبونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.  
  
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، رەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو . ئەم رەشنووسە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە . ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری رێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا ، پێداچوونەوەی زیاتر بە رەشنووسەکەدا بکەن لە رووی قانونی و تەکنیکی وداراییەوە، لەبەر رۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێ لە پاڵپشتی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەکانی رێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان، لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە پێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر رۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری رێگاوبان، لە بڕگە سەرەکیيەکانیەتی.  

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد